بڕیارە زەیدی پێنجشەممە سیڤی کاندیدەکان رەوانەی پەرلەمان بکات
سەرکردەیەک لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سیڤیی کاندیدانی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان رەوانەی پەرلەمان دەکات و هەفتەی داهاتووش دەنگدانیان لەسەر دەکرێت؛ هاوکات لایەنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی 9 وەزارەتەکە و دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران لە بەردەوامیی گفتوگۆکاندان.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سیڤی کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان رەوانەی پەلەمانی عێراق بکات و هەفتەی داهاتوو، لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کاندیدەکان بدرێت. جەخت لەوە دەکاتەوە، رەوتی حیکمە دەنگ بەو کاندیدانە دەدات کە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران پێشکەشی پەرلەمانی دەکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری دانانی چوار جێگری بۆ سەرۆکوەزیران داوە، دوو جێگر بۆ شیعەیە کاندیدەکانی لەیس خەزعەلی، موحسین مەندەلاوییە، لە سوننەکانیش بۆ حزبی تەقەدومە و کاندیدەکەی تا ئێستا محەمەد تەمیمە. جێگرێکیش بۆ کوردە و بۆ پارتییە و کاندیدەکەی یەکلا نەبووەتەوە.
وەزارەتەکانی بەتاڵەکان بەو شێوەیە دابەشبووە
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەزارەتی ناوخۆ وەردەگرێت کاندیدەکە "یاسر سخیل" لەگەڵ خوێندنی باڵا کاندیدەکەی "حەیدەر بەها"یە.
رەوتی حیکمەش؛ وەزارەتی وەرزش و لاوان وەردەگرێت و کاندیدەکەیان سەفا کینانییە.
عەسائیبی ئەهلوحەق، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و کاندیدەکەی یەکلا نەبووەتەوە.
پارتیش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وەردەگرێت و کاندیدەکەی رێباز حەملانە.
هاوپەیمانیی عەزم؛ وەزارەتی پلاندانان وەردەگرێت و کاندیدەکەی عەلی نوعەیمییە، لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری کاندیدەکەی زەید عەلییە، ئەگەری گۆڕانکاری هەیە.
وەزارەتی بەرگریش بۆ هاوپەیمانیی حەسمە، چەند کاندیدێک هەن، بەڵام عەلی ئەعرەجی چانسی هەبوو، بەڵام لایەنە سوننەکان رەزامەندیان لەسەر نەداوە.
ئەنوەر عەلوانی سەرکردە لە حزبی تەقەدووم، بە کوردستان24ی راگەیاند: گفتوگۆکان بۆ یەکلاکردنەوەی بەرکەوتەی سوننە بەردەوامن، هیچ کاندیدێک بە100% یەک نەبووەتەوە، گوشار دەکرێت بۆ ئەوەی تا رۆژی پێنجشەممە کاندیدەکان یەکلا بکرێتەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بۆ کریستیانەکانە، بەڵام هێشتا لە نێوان بەرکەوتووی فراکسیۆنی سۆیانا و بابیلۆن یەکلا نەبووەتەوە.