لە حەویجە داعش هێرشی کردە سەر خاڵێکی حەشدی شەعبی

لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دوو چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی حەشدی شەعبی و کامێرایەکی چاودێرییان تێکشکاند.

سۆران کامەران،پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: کاتژمێرەکانی رابردوو دوو چەکداری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە ماتۆڕسکیلێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای حەویجە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە هێرشەکەدا چەکدارەکانی داعش کامێرایەکی حەراریی سەر بە فەوجی دووی لیوای 61ـی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج و تێکیان شکاندووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و ئامانجی سەرەکیی چەکدارەکانی داعش تەنیا پێکانی کامێرا حەرارییەکە بووە.