سیستەمی ڤار بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی کارتی سوور و ئۆفساید کەم بکات و پێناڵتیش زیاد بکات

کاریگەرییەکانی سیستەمی ڤار لەسەر یارییەکانی مۆندیالی 2018

له‌ مۆندیالی 2018 له‌ هه‌موو شتێك زیاتر باسی سیسته‌می ڤار ده‌كرێت، ئه‌م سیسته‌مه‌ كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مۆندیال جێبه‌جێ ده‌كرێت، هێشتا له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هانده‌ران نامۆیه‌، هێشتا هه‌مووان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ كۆك نین، هه‌ندێك پێیانوایه‌ دادپه‌روه‌ری بۆ تۆپی پێ به‌دیهێناوه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌ فیتنه‌ی تۆپی پێی ناوزه‌د ده‌كه‌ن.

له‌ مۆندیالی 2018 تاكو ئێستا له‌ كۆی 36 یاریی ته‌نیا سێ كارتی سوور به‌ یاریزانان دراوه‌، واته‌ 0,08 كارتی سوور له‌ هه‌ر یارییه‌ك، له‌وه‌ته‌ی مۆندیالی 1986 یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌وه‌نده‌ كارته‌ سووره‌ به‌ یاریزانان بدرێت و ڤار كارتی سووری كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئۆفسایده‌كان یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی ڤار، له‌ هه‌ر یارییه‌ك 2,81 ئۆفساید هه‌ژماركراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌مترین رێژه‌ی ئۆفسایده‌ له‌وه‌ته‌ی مۆندیالی 1966 هه‌ژمار بكرێت، كه‌ له‌و مۆندیاله‌ له‌ هه‌ر یارییه‌ك 3,13 ئۆفساید هه‌ژماركرا.

ڤار بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مۆندیالی رووسیا له‌ پێناڵتی هه‌ژماركردن ریكۆرد بشكێنێت، تاكو ئێستا له‌ كۆی 36 یاری 20 پێناڵتی هه‌ژماركراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ هیچ مۆندیالێك له‌ 18 پێناڵتی هه‌ژمار نه‌كراوه‌.
ڤار بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر یارییه‌ك به‌ رێژه‌ی 0,55 پێناڵتی هه‌ژمار بكرێت.

ناوبژیوانی ڤیدیۆیی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی گۆڵه‌كان به‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان زیاد بكات، له‌ كۆی ئه‌و 97 گۆڵه‌ی له‌م مۆندیاله‌ تۆماركراوه‌، %55ی به‌ تۆپی جێگیر تۆماركراوه‌، به‌ به‌راورد به‌ مۆندیالی 2014 رێژه‌ی گۆڵكردن به‌ تۆپی جێگیر بووه‌ته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌.