لە ماوەی 12 كاتژمێردا دوو ھاووڵاتی بە گولـلە گیانیان لەدەستدا
یەكێكیان لە ماڵی خزمێكی گولـلەی بەردەكەوێت
K24 - ھەولێر
لە ماوەی 12 كاتژمێری رابردوودا لە دوو رووداوی جیاوازدا لە ھەرێمی كوردستان دوو ھاووڵاتی بەھۆی بەركەوتنی گولـلە گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایهتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو تەرمی ھاووڵاتییەكی تەمەن 34 ساڵ لە رەگەزی نێر بە ناوی (م. ح. ق) دانیشتووی گەڕەكی كێوەڕەشی رانییە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانییە، كە لە ناحییەی چوارقوڕنە گولـلەیەك بەر جەستەی كەوتبوو بەوھۆیەوە گیانی لەدەستدا".
پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كردووە: "ئەو كەسە لە ناحییەی چوارقوڕنە سەردانی ماڵی خزمێكی كردووە و لەكاتی دەستكاری كردنی چەك لەلایەن (ك.م.م) فیشەکێك لەدەستی دەرچووە و بەر ناوبراو كەوتووە".
لەلایەكی دیكە رائید هــاوار ئەرگوشی، وتەبێژی پۆلیسی ســۆران رایگەیاند، "کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ رۆژی 27/6/2018، ئاگادارکراینەوە بەبوونی زامدارێك بەناوی (کاروان ئیبراهیم غەزالی) تەمەن 28 ساڵ پیشەی پێشمەرگە دانیشتووی گوندی سارداوی سەر بەناحییەی مەزنێی قەزای مێرگەسۆر لە بەرخراپی باری تەندروستی کە گولـلەیەکی بەرکەوتبوو رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر کرا، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستدا".
وتەبێژی پۆلیسی ســۆران ئاماژەی بەوەشداوە: "بەپێی گوتەی کەسوکاری ئەو كەسە خۆی ئامادە كردووە بۆ چوونە دەوام، لە کاتی خاوێن کردنەوەی چەکەکەی گولـلەیەك لە چەكەكەی دەرچووەو بەر جەستەی کەوتووە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بەراستی روداوەکە".
ھ.م

.jpg)