بەرپرسی پێشووی هەواڵگری ئەڵمانیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئۆگوست هانینگ، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیایان بە تۆمەتی سیخووری و خیانەتکردن لە دەوڵەت دەستبەسەر کرد. ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین رووداوەکانی دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان لە مێژووی ئەو دەزگایە دادەنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، داواکاری گشتیی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، گومانی بەهێز لەسەر هانینگ هەیە کە سیخووریی کردبێت و خیانەتی لە دەوڵەت کردبێت و زانیاریی نهێنیی کۆکردبێتەوە، هانینگ هەروەها بە هەوڵدان بۆ خیانەتی گەورە و کارکردن وەک بریکار بۆ دەزگایەکی هەواڵگری تۆمەتبار کراوە.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا فەرمانبەرێکی پلە باڵای پێشووی هەمان دەزگایان بە ناوی مانفرێد د. دەستبەسەر کردووە. مانفرێد رووبەڕووی گومانی هاوکارییکردن لە هەوڵی خیانەت و سیخووری بووەتەوە.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئەڵمانیا، مانفرێد بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی هانینگ بووە و تا بەهاری 2026 لە دەزگای هەواڵگریدا کاری کردووە، لێکۆڵینەوەکان گومانی ئەوەیان هەیە مانفرێد بەرامبەر بە پارە، زانیاریی زۆر نهێنیی ناو دەزگاکەی تا لایەنی کەم ساڵی 2022 بە هانینگی دابێت.
لێکۆڵەران ئاشکرایان کردووە نزیکەی 2000 بەڵگەنامە لەلایەن مانفرێدەوە بۆ هانینگ گواستراونەتەوە، لە نێو ئەو بەڵگەنامانەدا زانیاریی هەواڵگریی ئاراستەکراو بۆ سەرکردایەتیی دەزگا ئەمنییەکانی ناو نووسینگەی راوێژکاریی ئەڵمانیا هەبووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، زانیارییەکان راپۆرتی زۆر هەستیار سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، سوپای رووسیا و زانیاریی دیکەیان لەخۆگرتووە، سەرچاوەی ئەو زانیارییانە دەزگا هەواڵگرییە بیانییە هاوبەشەکانی ئەڵمانیا بوون.
لێکۆڵەران گومانیان هەیە هانینگ لە یەک حاڵەتدا لایەنی کەم ئەو زانیارییانەی بۆ ئامادەکردنی شیکارێکی ئەمنیی بۆ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی بەکارهێنابێت، گومان دەکرێت هانینگ لە کاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ بریکارێکی دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی، زانیاریی بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی دەزگای هەواڵگریی بەکارهێنابێت.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاشکرایان نەکردووە ئەو زانیارییانە گەیشتوونەتە دەستی کام وڵات، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە میدیاییەکان دەریدەخەن دۆسیەکە پەیوەندیی بە رووسیاوە نییە.
دۆسیەکە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە لە ئەیلوولی 2025 هەڵمەتێکی پشکنین بۆ ماڵی هانینگ و چەند نووسینگەیەکی پەیوەندیدار بەو ئەنجامدرا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازدا بوو سەبارەت بە هەوڵی رفاندنی دوو منداڵی کریستینا بلوک، کە ژنە بازرگانێکی ئەڵمانییە، لە کاتی پشکنینی ئەو کەلوپەلانەی دەسەڵاتداران دەستیان بەسەردا گرت، لێکۆڵەران تووشی بیرگەیەکی ئەلیکترۆنی بوون کە بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیای تێدابووە، هەرچەندە هانینگ لە ساڵی 2005 سەرۆکایەتیی دەزگاکەی جێهێشتبوو.
دوای رەوانەکردنی کەلوپەلەکان بۆ لای دەسەڵاتدارانی فیدراڵی، داواکاری گشتیی فیدراڵی لە ئایاری 2026 لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیی لەسەر هانینگ و مانفرێد کردەوە. لێکۆڵەران هێشتا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن چۆن ئەو فەرمانبەرەی گومانی دزەپێکردنی زانیاریی لەسەرە، توانیویەتی بەڵگەنامەکان لە دەزگایەک دەربهێنێت کە بە رێوشوێنی ئەمنیی توند دەپارێزرێت.