سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێم: وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌ ياسايه‌كى سه‌رده‌مى به‌عس سكاڵاى دژى هه‌ولێر جوڵاندووه‌

بنەمای دەستووریی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێراق ماددەی 112 ی دەستوورە

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، ئامانج ره‌حيم له‌ وتارێكدا رايگه‌ياند، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ سكاڵايدا له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان له‌ دادگاى باڵاى ئيتيحادى، پشتى به‌ ياساى كۆنى عێراق به‌ستووه‌ نه‌ك به‌ ده‌ستوورى نوێى وڵات.

له‌ پوخته‌ى وتاره‌كه‌دا هاتووه‌: "بنەمای دەستووریی بەڕێوەبردنی نەوت وگاز لە عێراق ماددەی 112 ی دەستوورە نەک قانونی بەسەرچووی مەرکەزیی (ڕێکخستنی وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارە 101 ی ساڵی 1976) کە وەزارەتی نەوتی عێراق لە دەعواکەیدا پشتی پێ بەستووە و دەسەڵاتی ڕەھای بەخۆی بەخشیوە، و تەواو پێچەوانەی ماددەی 112 ی دەستوورە کە دادگای فیدڕاڵی لە دوا دانیشتنیدا بە ئاشکرا ئاماژەی بەم ڕاستیە پێداوە".

له‌ وتاره‌كه‌دا، ئامانج ره‌حيم نووسيويه‌تى:

"دواجار دادگای باڵای فیدڕاڵی، لە دانیشتنی چوارەمی دادبینی ڕۆژی 27-6-2018 لە دەعوای ژمارە (59)ی وەزارەتی نەوتی عێراق بەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئاڕاستەی دادگای بۆ ڕاڤەكردنی هەردوو ماددەی (111) و (112)ی دەستووری عێراقی دیاریكرد، دوا ماوەش (مهلة) دیاریكرا بۆ لایەنەكانی داوا كە تاوەكو 4-8-2018 وەڵامی پرسیاری دادگا بدەنەوە".

"یەکەم: لە بڕیاری ڕۆژی 27-6 ی دادگای فیدرالی هاتووە كە: (وەزارەتی نەوتی عێـراق لە داواكەیدا پشتیبەستووە بە ماددەی (111)ی دەستوور كە تیایدا هاتووە (النفط والغاز هو ملك كل الشعب العراقي فی كل الأقالیم والمحافظات)، دادگای فیدڕاڵیش پێی وایە ئەم ماددەیە حوكمێكی گشتی داناوە بۆ سامانی نەوت و گاز، لە هەمان كاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی دەڵێت دەستووری عێراقی لە ماددەی (112) نەخشەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی حوكمی گشتی ماددەی (111)ی داڕشتووە، كە دەبێت بە پێی قانونێك بێت كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێـراق تەشریعی دەكات و تا ئێستا دوای تێپەڕبوونی (12) دوانزدە ساڵ بەسەر دەستووردا، دەرنەچووە، بەپێـی ئەم لێكدانەوەیەی دادگای فیدڕاڵی ماددەی (112)ی دەستوور بە چوارچێوەی قانونی بۆ پرۆسەكانی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێـراق لە بوارەكانی دەرهێنان و فرۆشتن و دابەشكردنی داهاتی فرۆشی نەوت و گاز داناوە".

 

"دووەم: بە پێی هەردوو بڕگەی ماددەی (112)ی دەستوور كە دادگای فیدڕاڵی یەكلایی كردۆتەوە وەك بنەمای قانونی ماددەی (111)ن، دەبێت دوو قانون لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بەم شێوەیە:

1: (قانونی دابەشكردنی داهاتە نەوتی و گازییەكان) لەسەر ئەم بنەما دەستوورییانەی خوارەوە كە لە بڕگەی یەكەمی ماددە (112)ی دەستوور هاتووە:

أ. (تقوم الحكومة الإتحادیة بإدارة النفط والغاز المستخرج من الحقول الحالیة مع حكومات الأقالیم) دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی تەنها ئیدارەدانی نەوت و گازی دەرهێنـراوە تەنها لەو كێڵگە نەوتی و گازییانەی كە لە پێش نافذبوونی دەستوور لە ڕۆژی  20-5-2006 بەرهەمهێن بوون نەك كێڵگەكانی داهاتوو كە دوای ئەو ڕێکكەوتە بەرهەمی نەوت یان گازیان دەبێت، و تەنها لە قۆناغی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی بەرهەمهاتوو و قۆناغەكانی پێش ئەوە ناگرێتەوە، ئەم دەسەڵاتەش ڕەها نییە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی بەڵكو دەبێ لەگەڵ (مع) حكومەتی هەرێم بێت نەك تەنها دەسەڵاتی ڕەهای وەزارەتی نەوتی عێراق كە تا ئێستاش كاردەكات بە قانونی مەرکەزیی وەزارەتی نەوت ژمارە (101)ی ساڵی 1976، كە سەرتاپای ئەو قانونە مەرکەزییە  پێچەوانەی ماددەی (112)ی دەستوورە، چونكە ئەو قانونە ساڵی 1976 دەرچووە و دەسەڵاتی ڕەهای داوە بە وەزارەتی نەوتی عێـراق، و دادگای فیدڕاڵی بە ئاماژەكردنی بۆ ماددەی (112)ی دەستوور بە ناڕاستەوخۆیی ڕەتی دەكاتەوە كە (قانونی وەزارەتی نەوتی عێـراق) پاڵپشتی قانونی دەعواكەی وەزارەتی نەوت بکات، و ماددەی (112)ی دەستوور حوكمێكی تایبەتە و قەیدی داناوە لەسەر ماددەی (130)ی دەستوور كە حوكمی گشتییە و باس لە نافذبوونى یاساکانی پێش 2006 دەکات".

"ب.  (على ان توزع وارداتها بشكل منصف يتناسب مع التوزيع السكاني) واته دابەشكردنی داهاتی نەوت و گاز دەبێت بە ئینصافی بێ و بگونجێت لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرتاسەری وڵات، سەرەڕای بەشێكی زێدەكی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێم لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیگەیشتووە لەلایەن ڕژێمی پێشوو (مع تحديد حصة لمدة محددة للأقاليم المتضررة ...)، لە كاتێكدا دەسەڵاتی فیدڕاڵی بە پێچەوانەی ئەم ماددەیە ساڵانە بە قانونی بوودجە لەسەر بنەمای نەفەقاتی فیعلی نەك داهاتی نەوت و گاز بەشە بودجەی هەرێمی دیاریكردووە بە بێ‌ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان و لە غیابی هەبوونی یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت و گاز كە ماددەی (112) ئاماژەی پێدراوە".

2: (تقوم الحكومة الإتحادیة وحكومات الأقالیم والمحافظات المنتجە معاً برسم السیاسات الإستراتیجیة اللازمة لتطویر ثروة النفط والغاز..)، واتە داڕشتنی ستراتیجی ھاوبەشی پێویست بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز لەلایەن (حكومەتی فیدڕاڵی، حكومەتی هەرێم، پارێزگاكانی بەرهەمهین) پێكەوە (معاً)، كە دادگای فیدڕاڵی بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی فیدڕاڵی داناوە، كە دوای (12) دوانزدە ساڵ  تا ئێستا هیچ (ڕێككەوتنێكی پێكەوەیی لە نێوان دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان) ئەنجام نەدراوە، بۆیە محاجەجەكردنی وەزارەتی نەوتی عێـراق بە قانونی وەزارەتی نەوت ژمارە(101)ی ساڵی 1976 یەكلایەنە بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێن وەك پاڵپشتی قانونی دەعواكەی بەتاڵە و پێچەوانەی حوكمەكانی ماددەی (112)ی دەستوورە كە دادگای فیدراڵی پشتی پێدەبەستێ‌ بۆ یەكلاییكردنەوەی دەعواكە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، دادگای فیدڕاڵی داوای لە وەكیلی وەزیری نەوتی عێراق كردووە ئایا هیچ ڕێككەوتننامەیەك یان لەیەكترگەیشتنێك هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەو بارەیەوە یان نا؟ وە تا ئێستا بەغداد  لەسەر چ بنەمایەکی قانونی نەوت و گازی عێراق و داھاتەکەی بەڕێوە بردووە".

"سێیەم: بە هیچ جورێك لە ماددەی (110)ی دەستوور تایبەت بە تایبەتمەندییە ڕەهاكانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی باس لە نەوت و گاز نەكراوە، و لە هەمان كاتدا ماددەی (115)ی دەستوور بە ئاشكرا ئاماژەیداوە بەوەی كە هەر تایبەتمەندییەك لە ماددەی (110)ی دەستوور نەهاتبێت ئەوە دەسەڵاتی هەرێمە، و لە دەسەڵاتە هاوبەشەكانیشدا ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمە كە خاوەنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ە، ئەوەی ئەم ڕاستییەش دەسەلمێنێت گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی مێژوویی ماددەی (110)ی دەستوور كە ماددەی( 25)ی قانونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوەیە كە وەك خۆی گواستراوەتەوە بۆ ماددەی (110)ی دەستوور و تەنها بڕگەی نەوت و گازی لێ دەرهێنراوە كە لە ماددەی (25)ی ئەو قانونە بە ئاشكرا بە دەسەڵاتی ڕەهای فیدڕاڵی دانرابوو".

ئ.ر