لە رووداوێكی ھاتووچۆدا 4 كەس برینداربوون
ناسنامەی شوفێرەكە ئاشكرا دەكرێت
K24 - سۆران
تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر رێگای گەلی عەلی بەگ- سۆران، رووداوێكی ھاتووچۆ روویدا و بەوھۆیەوە 4 كەس برینداربوون.
عەمید عیماد رێکانی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "لەسەر رێگای گەلی عەلی بەگ ئوتومبێلێکی (جۆری بیکاب دێر) وەرگەڕا، بەو ھۆیەوە شەوفێری ئۆتۆمبێلەكە و 3 سەرنشین برینداربوونە".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ئەوەشی خستووەتەڕوو: "دوای رووداوەكە ھەر چوار قوربانی رووداوەكە، لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی رزگاركران و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران كران".
عەمید عیماد رێکانی، ناسنامەی شوفێرەكەی ئاشكرا كردووە و ناوی لەزگین هادی حوسێنە و دانیشتووی قەزای ئاکرێیە.





