پارتی دژی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە
ھەڵبژاردن بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەكات
K24 - ھەولێر
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھیچ پاساوێك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نییە و پارتی بە ھەموو شێوەیەك دژی دواخستنیەتی. ئاماژە بەوەشدەكات، بەشێك لەو كێشانەی ئێستا لە كوردستان ھەن، لەرێی ھەڵبژاردنەوە چارەسەر دەكرێن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیچ پاساوێك نییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی، بە ھیچ جۆرێك لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نین. ئومێد دەكەین ھیچ لایەنێك بیر لەوە نەكاتەوە ھەڵبژاردن دوابخرێت، چونكە داخستن لە قازانجی ھیچ كەس دانییە".
گوتیشی: "پرۆسەی دیموكراسی و ئەم خولەی پەرلەمان و كابینەی ئێستای حكوومەت كە ھەندێك لایەن لێی كشاونەتەوە، پێویستی بەوە ھەیە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، پێمانوایە بەشێك لەو كێشانەی كە ھەن، بە ھەڵبژاردن چارەسەر دەكرێن".
ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 30/9/2018 بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاركردووە.
ھ.م