داعش هەڕەشەی داگيركردنه‌وه‌ى بەعاج دەکات

دوو رۆژە داعش هەڕەشەی زۆر دەکات

K24 – دهۆك:

پولیسی فیدراڵی عێراقی لە شنگال رايگه‌ياند، "مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ قەزای بەعاج له‌ ئارادايه‌".

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدراڵی عێراقی لەشنگال، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بۆ پەیامنێری (کوردستان24) گوتى: "دوو رۆژە داعش هەڕەشەی زۆر دەکات، كه‌وا جارێکیديكه‌ پەلاماری قەزای بەعاج ده‌داته‌وه‌ بە مەبەستی داگيركردنه‌وه‌ى و ئەمەش دڵەڕاوکێى لە ناو دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ درووستکردووە".

ئەو سەرچاوەیە گوتيشى: "هێزی وه‌ڵامدانەوەی بەپەلە (الرد السریع)، و ژماره‌يه‌كى زۆر لەهێزەکانی ديكه‌ى سوپای عێراق و  پۆلیسی فیدراڵ لە شوێنەکانی ديكه‌وه‌ بەرەو بەعاج جووڵه‌يان پێكراوه‌، به‌ مه‌به‌ستى به‌رگرتن له‌ هه‌ر په‌لامارێكى رێكخراوى داعش".

قه‌زاى به‌عاج، له‌ (4ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2017)، له‌ لايه‌ن سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبييه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرا و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا بۆ ناوچه‌كه‌ و نه‌مانى داعش، نزيكه‌ى 180 هه‌زار هاووڵاتى دانيشتووى ناوچه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵيان و له‌ ئێستاشدا به‌ هۆى مه‌ترسى په‌لاماره‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌، مه‌ترسى ئاواره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادايه‌.

ئ.ڕ