لە چەمچەماڵ بەهۆی شەڕە تەقەوە 7 کەس بریندار بوون

قایمقامی چەمچەماڵ زانیاری لەبارەی شەڕەكە دەخاتەڕوو

K24 - سلێمانی

ئارام بەختیار، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بەھۆی دروستبوونی شەڕە تەقە، لەنێوان دوو داواكراو و ھێزە ئەمنییەكانی چەمچەماڵ 7 كەس برینداربوون".

رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ، بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ کە لە پۆلیس و ئاسایش پێکهاتبوون لەکاتی رۆیشتنیان بۆ دەستگیرکردنی دوو داواکراو کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، شەڕە تەقە دروستبووە لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و داواکراوەکان".

گوتیشی: "بەهۆی شەڕە تەقەکەوە حەوت کەس برینداربوون کە شەش کەسیان سەربە هێزە ئەمنییەکانن. لەو شەش کەسە چوار پۆلیسی فریاكەوتن و دوو ئاسایش برینداربوون. پێنج لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ کراون و دوو کەسیشیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون، دوویان برینەكانیان سەختە یەكێكیان لە تۆمەتبارەكانە".

قایمقامی چەمچەماڵ روونیكردەوە: "دوو داواکراوەکە کە بەمادەی 406 داواکراو بوونەوە و دوای روبەڕوو بوونەوە دەستگیرکران".

ھ.م