قەرەسوو: ناکرێت پرسی کورد لە تورکیا بکرێتە گەمەی سیاسی
کەجەکە رایدەگەیەنێت، حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی چارەسەری نانێت، بۆیە پرۆسەکە رووبەڕووی سستییەکی رژد بووەتەوە. هاوکات داوا دەکات بوار بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدرێت رۆڵی خۆی لە پرۆسەکەدا بگێڕێت.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستانی (کەجەکە) لە دیمانەیەکدا لەگەڵ راگەیاندنێکی نزیک لە پەکەکەدا، ئاماژەی بەوە دا، سەرباری پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا لە 10ـی ئابدا و دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، هیچ جووڵەیەکی رژد بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەدی ناکرێت.
ئەو بەرپرسەی کەجەکە ئاشکرای کرد، رێکخراوەکەیان هەموو پێگیری و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری هێناوە، بەڵام دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ئەم قۆناخە نانێت.
بە گوتەی قەرەسوو، ناکرێت پرۆسەی ئاشتی بکرێتە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی هەڵبژاردن و گەمەی سیاسی، چونکە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد زیانی گەورە بە هەموو ناوچەکە دەگەیەنێت. هەروەها روونیکردەوە، بە یاسا کۆنەکان لەسەر بنەمای پێشێلکردنی مافەکان و دانانی سەرپەرشتیار و دەستگیرکردنی لایەنە نەیارەکان، بەدیهێنانی ئاشتی سەختە، بۆیە پێویستە پەرلەمان یاسای تایبەت بە ئازادی و تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتی دەربکات.
سەبارەت بە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، قەرەسوو باسی لەوە کرد، بواری پێویستی پێنەدراوە تاوەکو رۆڵی خۆی بگێڕێت. داواشی کرد مەرجەکانی کاری ئۆجەلان بگۆڕدرێن تاوەکو بتوانێت وەک رێکخەری دەستەی تایبەت بە پرۆسەکە، بە ئازادی چاوی بە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و هێزە سیاسییەکان بکەوێت و پەیامەکانی راستەوخۆ بگەیەنێتە بیروڕای گشتیی تورکیا.
قەرەسوو بانگەوازی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد، بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و گوشار بکەن بۆ دەرچوونی یاساکانی ئازادی و ئاشکراکردنی هەموو هەنگاوەکانی پرۆسەکە بۆ کۆمەڵگە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و سەرەتای ساڵی 2025، هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە. لە 27ـی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و کۆتایی بە تێکۆشانی سەربازی بهێنێت. دواتر لە 12ـی ئایاری هەمان ساڵدا، پەکەکە لە کۆنگرەی 12ـی خۆیدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری راگەیاند.
لە بەرانبەردا حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی، بەڵێنی جێبەجێکردنی هەنگاوی یاساییان دا و یاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییان لە پەرلەمان پەسەند کرد. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ، سەرکردەکانی کەجەکە و پەکەکە رەخنەی توند لە دەسەڵاتی ئەنقەرە دەگرن.
ئەوان باسی لەوە دەکەن، دەسەڵات تەنیا داوای چەکدانان دەکات و هیچ جووڵەیەکی سیاسی بۆ فراوانکردنی ئازادییەکان و مسۆگەرکردنی مافی گەلی کورد نانێت، هاوکات رێگە بە ئۆجەلان نادرێت بە ئازادی دیدار لەگەڵ لایەنەکان بکات تاوەکو رۆڵی رێکخەری پرۆسەکە بگێڕێت.