کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا ناکۆکی ده‌خه‌نه‌ ناوماڵی گۆڕان

"گۆڕان 250 هەزار دۆلاری لە یەکێتی وەرگرتووە"

K24 - هه‌ولێر:

لە ساڵی 2009، بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی خۆی وەک پارتێکی نوێی سیاسی کە دژی گەندەڵی و حکوومی بنەماڵەیە ناساند، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو بزووتنەوەیە دەبیندرێت رەنگە تەواو پێچەوانەی ئەو ئامانجانە بێت کە نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری  كردنییه‌ پاساو و لە یەکێتی جیا بویەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی سایتی ئەلمۆنیتەر، چەندین بەرپرسی باڵای ناو گۆڕان بەهۆی قۆر‌خکردنی دەسەڵات لە لایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، چیا و نما، دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە.

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەبارەی قۆرخکارییەکانی نما و چیا بە ئەلمۆنیتەری گووت: "گۆڕان بۆتە دیلی کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا، ئێستا ئەوان دارایی گۆڕانیان کۆنتڕۆڵکردووەو زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئێمە دەربکەن لە گردەکە چونکە هەموو شت لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دایە".

ئەگەر ئەم ناکۆکیانە بەردەوام بن، کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە کاتی دروستبوونی گۆڕاندا دەنگیان بەو بزووتنەوەیەدا، کەوتنە بەرلێشاوی سزا لە لایەن یەکێتی نیشتیمان کوردستان، بەڵام بەو جۆرەش، گۆڕان توانی 25 کورسی بۆخۆی مسۆگەربکات.

لە دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەری گۆڕان، موڵک و ماڵی نەوشیروان موستەفا بە گردی زەرگەتەوە لە رێگای کۆمپانیای وشە بۆ کوڕەکانی گوازرایەوە. چیا و نماش، لەو کاتەدا رایانگەیاند کە ئەو موڵک و ماڵە بۆ خزمەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەکاردەهێنن، بەڵام کردەوەکان پێچەوانەی قسەکان بوون، ئەمەش وایکردووە چەندین بەرپرسی گۆڕان لە ماوەکانی رابردوو دەستلەکاربکێشنەوە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان سەبارەت بە جیاوازی پارتی و یەکێتی لە بزووتنەوەی گۆڕان بە ئەلمۆنیتەری گووتوە: "لە راستیدا ئەوەی ئەمان کردوویانە خراپترە، چونکە مانەوەی گۆڕان ئێستا بەندە بە گردەکە، کارگەی چیمەنتۆ و سەرچاوە داراییەکانی دیکەی گۆڕان".

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، گۆڕان بڕی 250 هەزار دۆلاری لە یەکێتی بەرامبەر بە بەدیهێنانی رێککەوتنامەی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە ساڵی 2016 وەرگرتووە و بەردەوامیشە لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، ئەمەش شەفافیەتی دارایی ئەو بزووتنەوەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

سەبارەت بە کێشەکانی ناو گۆڕان، هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئەندام پەڕلەمانیی پێشووی گۆڕان لە بەغداد، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە 06/07/2018 نووسیویەتی: " هەرگیز لە باسکردنیی کێشەکانی گۆڕان مەترسن، لە داپۆشین و شاردنەوەیان ترستان هەبێت".

ناکۆکی کەوتۆتە نێو ماڵێ گۆڕان و ئەگەر چارەسەر نەکرێت رەنگە کێشەی گەورە بۆ بزووتنەوەکە دروستببێت، یان وەک کتێبەکەی نەوشیروان موستەفا،" پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن"، گۆڕان لەناوخۆیدا، خۆی بشکێنێت.

H.J