هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا بووه‌ پاڵه‌وانی مۆندیالی 2018

له‌ یارییه‌كی پڕگۆڵ و مێژوویی كه‌ڵه‌شێره‌كان شكستیان به‌ ئه‌سپه‌ڕه‌شه‌كه‌ی مۆندیال هێنا

له‌ فایناڵی مۆندیالی 2018ـی رووسیا، هه‌ڵبژارده‌ی فه‌رنسا به‌ 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ شكستی به‌ كرواتیا هێنا و بۆ دووه‌مجار كه‌ڵه‌شێره‌كان له‌ مێژوودا بوونه‌ پاڵه‌وانی مۆندیال.

له‌ خوله‌كی 18 مانزۆكیچ هێرشبه‌ری كرواتی به‌ هه‌ڵه‌ گۆڵێكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی فره‌نسا له‌ دژی خۆیان تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ یه‌كه‌مین گۆڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ مێژووی فایناڵی مۆندیال.

دواتر له‌ خوله‌كی 28 ئیڤان پێرسیچ به‌ لێدانێكی به‌هێز ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ كرواتیا یه‌كسان كرده‌وه‌، به‌مه‌ش ئه‌م یاریزانه‌ بووه‌ یه‌كه‌مین یاریزان له‌ مێژووی كرواتیا له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كان 7 گۆڵ و 5 ئاسیست بكات.

پاشان له‌ خوله‌كی 39 ئانتوان گریزمان به‌سوودوه‌رگرتن له‌ سیسته‌می ڤار به‌ لێدانی پێناڵتی فره‌نسای پێشخسته‌وه‌.

دواتر له‌ گێمی دووه‌م، پۆڵ پۆگبا له‌ خوله‌كی 59 گۆڵی سێیه‌می كه‌ڵه‌شێره‌كانی تۆمار كرد، دوای تێپه‌ڕبوونی 6 خوله‌ك كلیان مباپێ گۆڵی چواره‌می بۆ فره‌نسا زیاد كرد.

پاشان ماندزۆكیچ به‌سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی هۆگۆ لۆریسی گۆڵپارێزی فره‌نسا گۆڵی دووه‌می كرواتیای تۆمار كرد.