كونسوڵى نوێى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌ولێر: به‌رده‌وام ده‌بين له‌ پشتيوانيكردنى هه‌رێمى كوردستان

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كونسوڵى نوێى ئه‌مه‌ریكا كرد

K24 – هه‌ولێر:

كونسوڵى نوێى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ستيڤ ڤاكن، رايگه‌ياند، ئه‌مه‌ريكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتيوانيكردنى پرۆسه‌ى سياسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

ئه‌مڕۆ شاندێكى كونسوڵخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى كۆبوونه‌وه‌.

سايتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ريه‌ك له‌ كین گرۆس، كونسوڵی پێشوو و ستیڤ ڤاگن، كونسوڵی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان سه‌ردانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستانيان كرد.

به‌ گوێره‌ى زانيارى سايته‌كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ و گرۆس سوپاسی هاوكاری و ئاسانكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ كار و چالاكییه‌كانی له ‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردووی كاركردنیدا و هیوای خواستووه‌ ئه‌و ئاسانكاری و هاریكارییانه‌ بۆ كونسوڵی نوێ به‌رده‌وام بێت.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كردووه‌، شاندی میوان هیوای خواستووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا په‌ره‌ی زیاتری پێ بدرێت و ئاماده‌ییی خۆیان ده‌ربڕی، كه‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ريشدا، نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێت و هاوكاری و ئاسانكاریی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ كونسوڵی نوێ ده‌ربڕى.

ئ.ر