بهغدا دهیهوێ به ئازارشكین تیماری برینه قوڵهكان بكات
"ئەو لایەنانەی دەسهڵات لە دوای ساڵی 2003ـوە دەسەڵاتی عێراقییان گرتووەتە دەست بەشێوەیەکی باش پێشوازی لە داواکاری خۆپیشاندەران نەکەن، ئەوا خۆپیشاندانەکان دەبنە ناونیشانێکی دیکە بۆ شکستەکانیان"
K24 - ههولێر:
حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بڕی چوار ملیار دیناری بۆ ئەو پارێزگایانەی کە خۆپێشاندان تێدا ئەنجامدەراون دهركرد. نوێنەری خۆپێشاندەران لەگەڵ شانەی تێپەڕاندنی قەیرانەکان دانیشتوون و داوای خۆپێشاندەرانیان گەیاندۆتە حکومەت، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەبینراوە. ئەمەش بەوتەی ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکە.
ئەمڕۆ ڕۆژێکی بێ دەنگ بوو بۆ بەغدای پایتەختی عێراق لەپاش بەڕێکردنی هەینیەکی پڕ لە توڕەبونی خەڵکی. ئەو ڕێگەیانەی بەرەوە گۆڕەپانی تەحریر دەهاتن زۆربەیان کرانەوەو هاتووچۆکردن تێدا ئاسایی بۆتەوە.
بەڵام هێشتا گۆڕەپانەکە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق جێگەی مەترسییە، چونکە ئەو ئامانجانەی خەڵکی لە پێناویدا خۆپێشاندانیان کرد هێشتا جێبەجێ نەکراون.
هاووڵاتییهكی عێراقی دهڵێت: "هێزە ئەمنییەکان بەجلوبەرگی مەدەنی دێنە ناو خۆپیشاندانەکان و لێمان دەدەن، ئەوان درۆدەکەن، کە دەڵێن خۆپیشاندەران هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، چونکە ئێمە جگە لە قەڵەم هیچ شتێکی دیکەمان نییە".
هێزێکی ئەمنی زۆر لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر جێگیر بوون، ئەم هێزانە کاریان چاودێریکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەر کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەکە کە لەو شوێنهدا درووست ببێ".
توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران ڕابگرن، دروشمێکە کە چالاکوانن بەرزیانکردۆتەوە، چونکە لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێستا 12 کەس لەپارێزگاکانی عێراق گوللـهی هێزە ئەمنیەکان کوژراون و 291 کەسی دیکەش برینداربوون.
مستەفا سەعدون كه ڕاوێژکاره لەڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دهڵێت: "داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران حکومەتی کاربەرێکەر دەکەین، بەپەلە بکوژی خۆپیشاندەران رادەستی دادگا بکات و دەستگیرکراوانیش ئازاد بکات، هەروەها رێز لە داواکاری خەڵک بگرێت کە ماوەی 15 ساڵە داوایدەکەن و دەیانەوێت هاوشێوەی دانیشتوانی وڵاتان بژین".
حزبی شوعیی عێراقی وەک هێزێکی سیاسی کە دەیانەوێت پاڵپشتی خۆپێشاندان و توڕەبوونی خەڵک بکەن دەڵێن: "ئەگەر حکومەتی عێراق نەیهته ژێر باری داوای خۆپێشاندەرانەوە، ئەوە هەفتەیەکی دیکەی پڕ لە توڕە بوون بەڕێوەیە.
سوبحی مەنسور، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شوعی عێراق دهڵێت: "ئەگەر ئەو لایەنانەی دەسهڵات لە دوای ساڵی 2003ـوە دەسەڵاتی عێراقییان گرتووەتە دەست بەشێوەیەکی باش پێشوازی لە داواکاری خۆپیشاندەران نەکەن، ئەوا خۆپیشاندانەکان دەبنە ناونیشانێکی دیکە بۆ شکستەکانیان".
خۆپێشاندەرانی عێراق خۆڕسکانە هاتونەتە سەر شەقام و داواکارییەکانیانیش لە دابینکردنی خزمەت گوزاریەوە زیادکردووە و ئێستا داوای چاکسازی سیاسی و ئیداری دەکەن لە دەسەڵاتدارانی عێراق.