بەغدا و پاریس زنجیرەیەک رێککەوتنیان واژۆ کرد
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری فەرەنسا،لە کۆشکی ئەلیزێ سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی چەندین رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای بەرگری، کەرتی گاز، فڕۆکەوانیی مەدەنی و داهێنانی زانستی.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکە (واع) بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026 لە میانەی سەردانە فەرمییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و پاریسیان تاوتوێ کرد.
ئاماژەشی داوە، لە پەراوێزی ئەم دیدارەشدا، چەندین رێککەوتنی چارەنووسساز لە نێوان شاندی باڵای هەردوو وڵات ئیمزا کران. لە کەرتی سەربازی و پڕچەککردندا، هەردوولا نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی عێراقیان بە مەبەستی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی واژۆ کرد، کە لە لایەن فەریق شوان مەزهەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق و لیوا پاتریک بایۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پڕچەککردن لە وەزارەتی سوپای فەرەنسا پەسەند کرا.
هاوکات بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق، وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای هارماتانی فەرەنسی رێککەوتنێکی بۆ هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانی لە ريگەی تەکنۆلۆژیای زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دا.
کەرتی وزە و کارەباش بەشێکی دیکەی سەرەکیی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، بە جۆرێک عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ پاتریک پۆیانێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە گرێبەستی دابینکردن و فرۆشتنی گازی واژۆ کرد، کە هەنگاوێکی کاریگەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی وێستگەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی وزەی کارەبا لە ناوخۆی وڵاتدا.
هەر لە میانی رێوڕەسمەکەدا، لایەنی عێراقی و فەرەنسی لە رێگەی یوسف خەلەف، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و شەمسەدین شیکاوا، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی فەرەنسا، جاڕنامەی نیازی هاوبەشیان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی و پەرەپێدانی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان واژۆ کرد.
لە درێژەی واژۆکردنی بەڵگەنامەکانیشدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ خاتوو ئیلینۆر کارۆ، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا رێککەوتننامەیەکی تایبەتیان لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی توێژی گەنجان، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و برەودان بە داهێنان ئیمزا کرد.