کریس رایت: سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز زیاد دەکات
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی پشێوی و پەکخستنی کەرتی وزە لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە، لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز زیاتر دەبێت، هاوکات ئاشکراشی کرد هەناردەی دیزڵی رووسیا بە تەواوی گەیشتووەتە سفر.
دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "بلومبێرگ" لە ڤیێناوە، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی بازاڕی وزەی جیهان و هەڕەشەکانی سەر هێڵەکانی گواستنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رایت ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لەم دواییانەدا هەوڵەکانی بۆ تێکدانی رێڕەوی هەناردەکردنی وزە چڕتر کردووەتەوە و لە رێگەی درۆن و مووشەکەکانیەوە ترس و دڵەڕاوکێی کاتی لە بازاڕدا دروستکردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەواو دڵنیایە لەوەی لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێران چی دەکات.
سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی سعوودیە و پرسی هێڵی بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات-رۆژئاوا، وەزیری وزەی ئەمریکا روونی کردەوە، هێرشکردنە سەر ئەم دامەزراوانە شتێکی نوێ نییە و بە داخەوە ئێران چەندین جار ئەو کارەی دووبارە کردووەتەوە، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە و سعوودیە لە رابردوودا سەلماندوویانە کە خاوەنی توانایەکی بەرزن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا، بۆیە پێشبینی کرد ئەو هێڵە بۆرییە بە زوویی بکەوێتەوە کار و دەست بە گواستنەوەی نەوت بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کریس رایت باسی لە دۆخی کەرتی وزەی رووسیا کرد لە سایەی جەنگ و زیانگەیشتن بە پاڵاوگەکانی، ئاشکرایشی کرد کە داتاکان دابەزینێکی مێژوویی لە هەناردەکردنی سووتەمەنیی ئەو وڵاتەدا نیشان دەدەن. بە گوتەی ئەو، لە کاتێکدا رووسیا هەناردەکارێکی بەرچاوی دیزڵ بووە لە جیهاندا، ئێستا هەناردەی دیزڵی ئەو وڵاتە بۆ سفر دابەزیوە، هاوکات لە هەناردەکارێکی بەنزینەوە بووەتە هاوردەکارێکی سەرەکیی سووتەمەنی بەهۆی ئەو گورزە گەورانەی بەر پاڵاوگەکانی کەوتوون.