مامۆستایانی زانکۆی کۆبانێ لە رێگەی کوردستان24ـەوە هۆشداری لە پەککەوتنی خوێندن دەدەن

مامۆستایانی زانکۆی کۆبانێ هۆشداری دەدەن لەوەی ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی شارۆچکەکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیان دواخستووە، هاوکات مەترسی لەسەر دواکەوتنی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن هەیە.

لەم بارەیەوە مستە مۆرۆ، مامۆستا لە زانکۆی کۆبانێ، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لە کۆبانێ روویداوە، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم هەبووە.

مستە مۆرۆ باسی لەوە کرد، بەپێی پلانی پێشتر دەبوو پرۆسەی تاقیکردنەوەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستا و ئاڵۆزبوونی رەوشی شارۆچکەکە، هەندێک لە تاقیکردنەوەکانی قوتابییان دواخراون. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بارودۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کاتی دەرچوونی قوتابییان هەبێت.

ئەو مامۆستایە گوتی، زانکۆی کۆبانێ بەپێی ساڵنامەی ئەکادیمی کار دەکات و بە گوێرەی ئەو ساڵنامەیە پێداویستییەکانی پرۆسەی خوێندن ئامادە کراوە، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، بێگومان کاریگەری دەبێت و دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دوادەکەوێت.

لە لایەکی دیکەوە دلڤین ئەحمەد، مامۆستا لە بەشی کوردیی زانکۆی کۆبانێ، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24ـی ئاماژەی بەوە دا، دۆخێکی ئاڵۆز شارۆچکەکەی گرتووەتەوە و کاریگەری لەسەر سەرجەم کەرتەکان هەیە. پرۆسەی خوێندنی باڵاش بێبەش نییە و کاریگەریی زۆری لەسەر دەروونی قوتابییان داناوە. بەڵام جەختی کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن پرۆسەی خوێندن لە کاتی خۆی دەست پێبکات و پەکی نەکەوێت. 

مامۆستا دلڤین روونیشی کردەوە، لە زۆر بارودۆخی دژواردا درێژەیان بە پرۆسەی خوێندن داوە و ئەمجارەش بەڵێن دەدەن هەموو کارێک بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا دەست پێبکات. بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا نزیکەی 4000 قوتابی لە 24 بەشی جیاواز لە زانکۆی کۆبانێ دەخوێنن و تاوەکوو ئێستاش شەش خولی دەرچوونی بەکالۆریۆس و سێ خولی ماستەر لەو زانکۆیەدا تەواو کراون.

زانکۆی کۆبانێ یەکێکە لە ناوەندە ئەکادیمییە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەم زانکۆیە لە ساڵی 2017 لە شاری کۆبانێ دامەزراوە و بووەتە یەکەمین زانکۆ لە مێژووی ئەو شارەدا. ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی زانکۆکە، پێشکەشکردنی دەرفەتی خوێندن بوو بەو گەنجانەی بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سووریاوە لە خوێندنی باڵا دابڕابوون. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دژی شەهیدکردنی گەنجێکی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن چەند کەسێکی هۆزێکی عەرەبیی سووریاوە؛ لە کۆبانێ، حەسەکە و قامشلۆ، هاووڵاتییانی کورد ناڕەزایەتییان دەربڕی و گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.