یاسا سەیروسەمەرەکانی تۆخێل بۆ نێیمار و هاوڕێکانی
بەهیچ شێوەیەک نابێت یاریزانانی پاریس سانجێرمان خواردنەوە گازییەکان و پاستا و مەعکەڕۆنی بخۆن
تۆماس تۆخێلی راهێنەری ئەڵمانی لە ئێستاوە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر یاریزانەکانی پاریس سانجێرمان بسەپێنێت و کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتە بەر تاکو ئەستێرەکانی یانەکەی کۆنتڕۆڵ بکات.
گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵی فڕەنسی لە راپۆرتێکیدا، یاساکانی تۆماس تۆخێلی لە پاریس سانجێرمان ئاشکراکردووە و چەند زانیارییەکی سەیری لەبارەی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە درکاندووە.
گۆڤارە فڕەنسییەکە ئاشکرایکردووە، تۆخێل بەتایبەتی سەردانی چەند رێستۆرانتێک و یانەیەکی شەوانی کردووە و بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر خواردن و هەڵسەوکەتی یاریزانەکانی بەدەست بگات، تاکو لە کاتی بەشداریکردنیان لە یارییەکان بتوانێت بەسەر یاریزانەکانیدا زاڵ بێت.
گۆڤارە فڕەنسییەکە رایگەیاندووە، تۆخێل داوای لەو کەسانە کردووە کە لە یانەکانی شەوانی پاریس کار دەکەن، هەرکاتێک یاریزانێکی یانەکەی تاکو کاتێکی درەنگ مایەوە، ئاگاداری بکاتەوە بۆ ئەوەی بە تووندترین شێوە یاریزانەکانی سزا بدات، چونکە تۆخێل یاریزانەکانی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە، تاکو کاتێکی درەنگ لە یانەکانی شەوانە نەمێننەوە و زوو بخەون، بۆ ئەوەی لە کاتی راهێنانەکانی بە باشی ئامادەبن.
راهێنەرە نوێیەکەی شازادەکانی پاریس جگە لەوەی رێنمایی تایبەتی بە چێشتلێنەرە تایبەتەکانی یانەکەی داوە، خۆی بە تایبەتی سەردانی ئەو رێستۆرانتە بەناوبانگانەی پاریس کردووە، کە ئەستێرەکانی یانەکەی سەردانیان دەکەن، تۆخێل سەردانی رێستۆرانتی سیزاری کردووە، کە کیلیان مباپێ و دانی ئالڤێس و مارکینهۆس زۆر سەردانی ئەم چێشتخانەیە دەکەن، داوای لە سەرپەرشتیارانی رێستۆرانەتەکە کردووە، بهیچ شێوەیەک خواردنەوە گازییەکان و خواردنە خێراکان و پاستا و مەعکەڕۆنی بە یاریزانەکانی نەدەن.
راهێنەرە ٤٤ ساڵانەکە سەردانی رێستۆرانتی ڤۆلڤەریشی کردووە، کە زۆرتر یاریزانەکانی ئەمریکای لتینی سەردانی دەکەن، رێنمایی تایبەتی لەبارەی جۆری خواردن و خواردنەوەکانی یاریزانەکانی پێداون و لیستی خواردنە قەدەخەکراوەکانیشی پێداون.
تۆخێلی راهێنەری پێشووی بۆرووسیا دۆرتمۆند و ماینز لە سەرەتای ئەم هاوینەوە بۆ ماوەی دوو وەرز لە شوێنی ئۆنای ئێمری بووە راهێنەری پی ئێس جی و هاندەرانی یانەکەی چاویان لێیەتی وەرزی داهاتوو نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ نێیمار و کاڤانی و مباپێ بەدەست بهێنێت.