توێژینەوەیەک: دەرمانی دابەزاندنی کێش خەمۆکی و بیری خۆکوژی زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی نوێی کۆریای باشوور ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە خەمۆکی و سەرهەڵدانی بیری خۆکوژییەوە هەیە.
توێژەران بەدواداچوونیان بۆ زانیارییە تەندروستی و دەروونییەکانی نزیکەی 27 هەزار کەسی پێگەیشتوو کردووە، کە لەنێویاندا 846 کەس بە رێنمایی پزیشک دەرمانی دابەزاندنی کێشیان بەکارهێناوە. دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ئەو دەرمانانەیان بەکارهێناوە، بە رێژەی 93% زیاتر تووشی خەمۆکی بوون و بە رێژەی 168% زیاتر بیری خۆکوژییان بۆ هاتووە بەراورد بەوانەی بەکاریان نەهێناوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، نزیکەی 22%ی بەکارهێنەرانی دەرمانی دابەزاندنی کێش تووشی خەمۆکی بوون (لە بەرامبەر 11%ی بەکارهێنەرانی دیکە)، لە کاتێکدا 10%یان رایانگەیاندووە کە بیری خۆکوژییان بۆ هاتووە (لە بەرامبەر 4.5%ی ئەوانەی بەکاریان نەهێناوە)، هەروەها 2.2%ی بەکارهێنەران پلانیان بۆ خۆکوژی داناوە.
جگە لەوەش، توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندی نێوان گەڕانەوەی کێش (قەڵەوبوونەوەوە) و تەندروستی دەروونی لای بەکارهێنەرانی دەرمانی "GLP-1". دەرکەوتووە ئەو کەسانەی دوای وازهێنان لە دەرمانەکە لە نێوان 5.9 تا 10 کیلۆگرام کێشیان زیادی کردووەتەوە، بە رێژەی 65% زیاتر بیری خۆکوژییان بۆ هاتووە. ئەم رێژەیە بۆ 267% بەرزبووەتەوە لای ئەو کەسانەی زیاتر لە 10 کیلۆگرام کێشیان گەڕاوەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە لە "گۆڤاری کۆری بۆ پزیشکی خێزان" بڵاوکراوەتەوە و پشتی بە زانیارییەکانی "پشکنینی نیشتمانی کۆری بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک" لە نێوان ساڵانی 2013 تا 2022 بەستووە، بەبێ ئەوەی جۆری وردی دەرمانەکانی "GLP-1" دەستنیشان بکات.
توێژەران جەختیان کردووەتەوە کە توێژینەوەکەیان تەنیا تێبینییە، بۆیە ناتوانێت بە شێوەیەکی بڕڕاوە بسەلمێنێت کە دەرمانی دابەزاندنی کێش هۆکاری راستەوخۆی خەمۆکی یان بیری خۆکوژییە، بەڵکو دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبن، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ دیاریکردنی سروشتی راستەقینەی ئەم پەیوەندییە.