ئەو گرێبەستانەی لە دوایین ساتەکان کیشەیان تێکەوت و هەڵوەشانەوە

رۆما بەفەرمی گواستنەوەی مالکۆمی راگەیاند کەچی بارسێلۆنا بردییە ریزەکانی

سەرنەگرتنی گرێبەستی چوونی مالکۆم لە بۆردۆوە بۆ بارسێلۆنا بووە ئەڵقەیەکی دیکە لە زنجیرەی ئەو گرێبەستانەی لە دوایین خولەک هەڵوەشاونەتەوە و واژوو نەکراون.
لە کاتێکدا یانەی رۆما بەفەرمی گواستنەوەی مالکۆمی بۆ ریزەکانی راگەیاندبوو، هاندەرانی یانەکەش چاوەڕێیان دەکرد مالکۆم بگاتە ئیتالیا بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت وبەفەرمی بە میدیاکان بناسێنرێت، کەچی بارسێلۆنا بە نهێنی شکستی بەو گرێبەستە هێنا و ریمۆنتادای بەسەر رۆمادا کرد، دوای ئەوەی لە گواستنەوەی ویلیان بێهیوابوون و چێلسی نرخی یاریزانە بڕازیلییەکەی بەرزکردەوە، بارسا پێنج ملیۆن زیاتری لە ئۆفەرەکەی رۆما پێشکەشی بۆردۆ کرد و بەرامبەر 41 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بڕازیلییەی گواستەوە ریزەکانی.
رۆژی یەکی مانگی داهاتوو مالکۆم لە یاریی دۆستانەی نێوان بارسێلۆنا و رۆما لەبری ئەوەی یاریی بۆ رۆما بکات، بەڵکو رووبەڕووی رۆما دەبێتەوە.

سێ ساڵ لەمەوبەر هەمان دۆخ بەسەر دێ خیا هات، لە دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی 2015 مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید رێککەوتن دێ خیا بەرامبەر کیلۆر ناڤاس و 29 ملیۆن پاوەند بچێتە مەدرید، بەڵام بەهۆی ئەوەی فاکسی زانیارییەکانی ئەو گرێبەستە چەند خولەکێک درەنگتر گەیشتبووە فیفا، دێ خیا نەیتوانی پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید بکات و هەر لە مان یونایتد مایەوە، ناڤاسیش کە ئەو شەوە بۆ ئەوەی گەشتی بەریتانیا بکات و پەیوەندی بە مان یونایتدەوە بکات چوو بووە فڕۆکەخانە، هەر لە ریال مەدرید مایەوە.

لە هاوینی 2012 دیمیتری بێرباتۆڤی هێرشبەری بولگاریش دووچاری هەمان دۆخ بووەوە، بە تەواوەتی لەگەڵ فیۆرێنتینا رێککەوتبوو تاکو لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە ئیتالییەکەوە بکات، کەچی لە دوایین ساتەکان لەبری ئەوەی بێرباتۆڤ پەیوەندی بە فیۆرێنتیناوە بکات، چووە ریزەکانی فولهامی ئینگلیزی، تەنانەت ئەوکات بلیتی فرۆکەشی لەلایەن فیۆرێنتیناوە بۆ بڕدرابوو.

چوونی لویس فیگۆ بۆ پارما و یۆڤێنتۆس لە هاوینی 1995 یەکێکی دیکەیە لەو پرۆسە شکستخواردووانەی لە دوایین ساتەکاندا شکستیان پێهێنرا، فیگۆی هێرشبەری پێشووی ریال مەدرید ئەوکات لە سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالی یاریی دەکرد، لە یەک کاتدا گرێبەستی لەگەڵ یۆڤێنتۆس و پارما واژووکردبوو، فیفا بەمەی زانی و بۆ ماوەی ساڵێک سڕی کرد و گەڕاندییەوە سپۆرتینگ لیسبۆن، کە دواتر پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد.