كریستیانۆ یه‌كه‌مین یاری له‌ خولی ئیتاڵیا به‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسان ده‌ستپێده‌كات

به‌ فه‌رمی تیروپشكی سێریای ئه‌ی ئیتاڵیا راكێشرا

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ فه‌رمی تیروپشكی سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا بۆ وه‌رزی 2018 ـ 2019 راكێشرا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ یه‌كه‌مین یاری خۆی له‌ سێریا ئه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی كیڤۆ ڤیرۆنا ده‌كات كه‌ تا كۆتایی وه‌رزی رابردوو مه‌ترسی دابه‌زینی بۆ خولی پله‌دووی ئیتاڵیا له‌سه‌ر بوو.

دوای راكێشانی تیروپشكه‌كه‌، میدیاكانی ئیتاڵیا، یه‌كه‌مین رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی كریستیانۆیان له‌گه‌ڵ یوڤێنتۆس له‌ ده‌ستپێكی سێریا ئه‌ی به‌ ئاسان وه‌سف كرد بوو.

یانه‌ی یوڤێنتۆس پاڵه‌وانی 7 ناسناوی رابردووی سێریا ئه‌ی ئیتاڵیایه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی به‌ 105 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریزه‌كانی گواسته‌وه‌، یه‌كه‌مین یاری خۆی له‌م وه‌رزه‌ له‌ رۆژی 19ـی مانگی داهاتوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر كیڤۆ ڤیرۆنا ده‌كات.

یوڤێنتۆس له‌ هه‌فته‌ی دووه‌می سێریا ئه‌ی له‌ یاری لوتكه‌ رووبه‌ڕووی لازیۆ ده‌بێته‌وه‌.

خشته‌ی گه‌ڕی یه‌كه‌می سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا:

(ئاتڵانتا ـ فرۆسینۆنی)، (بۆلۆنیا ـ سپاڵ)، (كیڤۆ ڤیرۆنا ـ یوڤێنتۆس)، (ئیمپۆلی ـ كالیاری)، (لازیۆ ـ ناپۆلی)، (میلان ـ جێنوا)، (پارما ـ ئۆدێنزی)، ( سامپدۆریا ـ فیۆرێنتینا)، (ساسولۆ ـ ئینته‌ر میلان)، (تۆرینۆ ـ رۆما).