پشکنەرێک چەندین نهێنی لەسەر شوێنی چەکە کۆمەڵکوژەکانی سەددام ئاشکرا دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵگەی مریشک و پێگەی مووشەکەکانی جیانەکردوەتەوە
K24- ههولێر:
پشکنەرێکی پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەردە لەسەر چەند راستییەکی گەڕان بەدوای چەکە کۆمەڵکووژیەکانی سەددام حوسەین لە عێراق لادەدات.
رۆکۆ کاساگراندێ، پشکنەرەکە، دەچێتە ناو ئەو شوێنانەی کە لە لایەن دەزگا هەواڵگیرییەکان بۆی نێردراوە، بەڵام کاتێک لەگەڵ تیمەکەی دەچنە شوێنەکە، زانیارییەکان تەواو پێچەوانەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەنی بەریتانیا، رۆکۆ دەڵێت: "ئێمە زانیاریمان بۆ هات کە چەند پێگەیەکی نهێنی مووشەکی دوورهاوێژ هەن، بەڵام کاتێک چووینە شوێنەکە، تەنها کێڵگەیەکی مریشکمان بینی و هیچی دیکەی لێنەبوو".
جارێکی دیکەش لە لایەن دەزگا هەواڵگیرییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا و ئیسرائیل زانیاری لەبارەی تاقیگەیەکی کیمیایی لە شاری بەغدا دەدرێتە تیمەکە، بەڵام رۆکۆ دەڵێت: "کاتێک چووینە شوێنەکە بینیمان شوقەیەکی نیشتەجێیی خەڵکی هەژار بوو، خەڵکەکە لەسەر کومبارێکی دڕاو دانیشتبوون تەماشای تەلەڤزیۆنیان دەکرد".
ئەو پشکنەرە لە چیرۆکێکی تردا ئاشکرای دەکات کە لە رێگای وێنە سەتەلایەتییەکان، رەوانەیان کردوون بۆ شوێنێک کە گوایە لە ژێر زەمینی کامپێکی ئەکادیمی، ژوورێکی پیاوان هەیە، لەناو ئەو ژوورە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لەسەر دیوارەکە داندراوە و بەهۆیەوە دەگەن بە کەرەستە و ژووری تاقیگەی نهێنی، بەڵام کاتێک تیمەکە دەچنە شوێنەکە، رۆکۆ دەیگێڕێتەوە: "بیناکە ژێرزەمینی هەر نەبوو، بەڵکو تەنها بینایەکی فلات بووە و هیچی گرنگی تێدانەبووە".
رۆکۆ دکتۆرای لە بایەلۆجیدا هەیە و هۆکاری هەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بروانەکردن بە قسەیەکی سەددام دەگەڕێنێتەوە.
ئەوە تەواو راستبووە کە سەددام لە کاتی جەنگی کەنداو، 200 بۆمبی کۆمەڵکووژی لە نزیک بەغداد چەسپاندبوو، بەڵام دوای هەڕەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی، سەددام ئەگەر چی سەرەتا دانی پێدا نەدەنا، بەڵام دواجار بوونی ئەو 200 بۆمبەی ئاشکرا کرد.
ئەو دیکتاتۆرەی پێشووی عێراق، زۆری بە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان گووتوە کە ئەو ئەو بۆمبانەی لەناوبردوە، بەڵام کەس بڕوای پێنەکردووە، تا لە ساڵی 2001، تیمێکی نێودەوڵەتی دەچنە شوێنێک کە بە "گۆڕستانی بۆمبەکان" ناوی دەبەن.
لەوێ تیمەکە بۆیان دەردەکەوێت کە نزیکەی 180 بۆمبی کیمیایی کە قەبارەیان هێندەی لاشەی مرۆڤێک بووە هەڵگرتووە، بەڵام ئەو بۆمبانە پووچەڵکرابوونەوە.
پشکنەر رۆکۆ لە میانی ئەو سەردانەی بۆ عێراق پێش رووخانی سەددام حوسەین لە سالی 2003، چاوی بە چەندین بەرپرسی گرنگ بەڵام نەزاندراوی وەک دکتۆر ریحاب تەها و فەرماندە حوسام محەمەد ئەمین کەوتووە.
پشکنەرەکە لەو سەردانەشی چەند زانیارییەکی پێدەدرێت و داوا لەو بەرپرسانەی عێراق دەکات کە بیبەنە شاری تکریت و نزیک قوتابخانەیەک، کە بە گوێرەی رادارەکان بۆمبێک لەو شوێنە شاردرابوەوە، بەڵام پشکنەرەکە بەم جۆرە چیرۆکی ئەو بۆمبە دەگێڕێتەوە:
چەند کرێکارێکمان بردە شوێنەکە تاکو شوێنەکە هەڵبکەنن، خەڵکێکی زۆری نارازیش لەو شوێنە لێممان کۆبوونەوە بەڵام پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان ئێمەیان پاراستبوو. من بە گومانی دۆزینەوەی بۆمبێک لەوێبووم. لەو کاتەیە بیرم دەکردەوە، خۆ ئەگەر بەڕاستی ئەو بۆمبە بوونی هەبێت رەنگە هەر لەویا رێگەیان بە خەڵکەکە دابا بمانکووژن. بەڵام دوای کاتژمێرێک لە هەڵکۆڵین، بینیمان بۆرییەکی زێرابی گەورە کە تەنها فڕێدرابوو و شاردرابووە لەو شوێنە بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە هیچیشمان نەدۆزیەوە، من هەر هەستم دەکرد کە رژێمەکەی سەددام شتێکی لە ئێمە دەشاردەوە.
ئەو پشکنەرە پێی وایە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵەی زانیاری زۆری هەبووە لەسەر چەکە کۆمەڵکوژەکانی سەددام و زۆریان راست دەرنەچوون، کە ئەو چەکانەش یەکێک بوون لە هۆکاری هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی 2003.
H.J