پەروەردەی شارەزوور: کێشانی جگەرە و ڤەیپ لەناو قوتابییان زیادی کردووە

پەروەردەی شارەزوور ئاماژە بە زیادبوونی مەترسیداری بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ لەناو قوتابییاندا دەکات و داوا لە خێزانەکان و ڕێکخراوە پەروەردەیییەکان دەکات بۆ بەرگرتن لەم دیاردەیە، هاوکاری دامەزراوەکانی خوێندن بن.

نەبیل حەمەساڵح عەزیز، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بە کوردستان24ی راگەیاند، بەکارهێنان و کێشانی جگەرە و ڤەیپ لەناو قوتابییان لە کاتی دەوام و لە ناو قوتابخانەدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش مەترسی لەسەر چارەنووسی خوێندنیان دروست دەکات. روونیشی کردەوە کە ئەم دیاردەیە بە تەنیا لەناو کوڕاندا نییە، بەڵکو لەناو قوتابییانی کچیشدا هەیە و تەنانەت لە نێوان تەمەنی 11 بۆ 12 ساڵیشدا تۆمار کراوە، هەروەها ساڵی رابردوو سێ قوتابیی کچ لەسەر بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ لە قوتابخانە دوورخراونەتەوە (فەسڵ کراون).

بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور گوتیشی، بەشێک لە قوتابییان بە رێگەی خراپ ئەو جگەرە و ڤەیپانە بەدەست دەهێنن، بە جۆرێک دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو دووکانانەی قوتابییان شتەکانیان لێ کڕیون، کێشەکە چارەسەر نەبووە. هاوکات لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی دابەشکردنی کتێب دەستیپێکردووە و قوتابخانەیەکی نوێش کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کەمترین کێشەی میلاکیان هەیە و رێگە نادەن پرۆسەی خوێندن پەک بکەوێت.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزووردا 71 قوتابخانە هەن، کە 19 هەزار قوتابی و دوو هەزار و 100 مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆدەگرن. بەگوێرەی یاسای ئینزیباتی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ لەناو سەرجەم قوتابخانەکاندا قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.