چۆنیەتی ئامادەکردنی بەچێژترین ستێک
هەموو کەس دەتوانێت ئامادەی بکات

K24- ههولێر:
زۆرجار دەچیتە چێشتخانەیەک و ستێکێکی گۆشتی زۆر بە چێژ دەخۆیت، بەڵام کاتێک دەتەوێت لە ماڵەوە هەمان جۆر خواردن ئامادە بکەیت، هەمان جێژت دەستناکەوێت.
پێگەی ئەلیکترۆنی ئیندیپێندتی بەریتانی بە یارمەتی چێشتلێنەر پارک لەینی تەمەن 45 ساڵ، رێنمایت دەکات چۆن لە ماڵەکەی خۆتدا، ستێکێکی تەواو بەچێژ دروستبکەیت.
دەبێت گۆشتێکی کوالیتی باش بکڕیت
دەبێت دڵنیابیت ئەو گۆشتەی دەیکڕیت بۆ ستێک دەشێت و کوالیتی باشە. بۆ زۆرکەس، ئەگەر گۆشتەکە کەمێک ئێسکی تێدابێت، تاموچێژی زیاترە.
خۆشکردنی گۆشتەکە
هاڕاوەی بیبەری رەش و دەرمانی تایبەت بە خۆشکردنی گۆشت بکە بەسەر ستەیکەکەدا و پاشان لەگەڵ رۆنی زەیتوون تێکەڵی بکە. داو و دەرمانەکان بەوجۆرە هەڵبژێرە کە خۆت ئارەزووی دەکەیت.
پلەی گەرمی ستێکەکە
هەرگیز گۆشتەکە راستەوخۆ مەخە ناو تاوە یانە گریلەکە، بەڵکو کەمێک بیهێڵێرەوە لە پلەی گەرمی ئاسایی ژوورەکە، پاشان، بیخە ناو تاوەکە.
کاتێک ستێکەکە دەخەیتە ناو تاوەکە، نابێت رۆنێکی زۆر و پلەی گەرمییەکی کەم بەکاربهێنێت، بەڵکو دەبێت رۆنی تاوەکە تەواو گەرم بکەیت و پاشان ستێکەکەی تێبکەیت، بەم جۆرە تام و رۆنی گۆشتەکە لەدەستنادەیت.
هەڵگێڕانەوەی گۆشتەکە
گۆشتەکە زوو زوو هەڵمەگێڕەوە لە تاوەکە، بەڵکو با لایەکی تەواو ببرژێت پاشان بیخە سەر لاکەی دیکە.
دوای برژاندن
کاتێک تەواوبویت لە برژاندنی ستێکەکە، لە قاپێکی گەرمدا دایبنێ و ماوەی 10 خولەک بیهێڵەوە، بەمجۆرە گۆشتەکە تەواوی تام و چێژەکەی دەبەخشێت. هەروەها ئەگەر خێرا لەتی بکەیت، هەم گۆشتەکە وشک دەبێت و هەمیش بەشێک لە چێژەکەی لەدەستدەدات.
پێشکەشکردن
دەتوانیت دوای ئامادەکردنی، کەمێک سیر، کەرە یان داو و دەرمان بکەیت بەسەر ستێکەکە یاخود ئەو جۆرە سۆس و سەوزەی پێتخۆشە.
H.J