ئەردۆغان شەڕ دەكات

ئەمەریكا مۆڵەت دەداتە توركیا و ئەردۆغان ماڵئاوایی دەكات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1896362a-b564-43a8-a1ad-7ba94765843b/081318GBD.ism/manifest

K24 - ھەولێر

ئەمەریکا مۆڵەتی بە توركیا دابوو تا چوارشەممەی رابردووی قەشە ئەمەریکییەکە ئازاد بکات، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، ئەو قەشە ئەمەریكییە لە تورکیا دادگایی دەکرێت. دەشڵێت، بە دۆلار ھێرشیان بكرێتەسەر رێگەی دیكە دەگرنەبەر.

ئەردۆغان لە میانەی گوتارێکیدا لە شاری تەڕابزۆن باسی لەوەشکرد "تورکیا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی منبج بۆ ژێر کۆنترۆڵی خەڵك و پاراستنی ئیدلیب لە رژێمەکەی ئەسەد".

گوتیشی: "خۆمان رادەست ناکەین، ئەگەر ئێوە بە دۆلار ھێرش بکەنە سەرمان ئەوا ئێمەش بە رێگەی دیکە کارەکانمان جێبەجێ دەکەین".

سەرۆك کۆماری تورکیا وردەکاری گفتوگۆکانی هەفتەی رابردووی نێوان ئەمەریکا و تورکیای ئاشکرا کرد و گوتی "واشنتن بە ئاشکرا ئەوەی گوتووە کە رەنگە سزایان بەسەردا بسەپێنێ ئەگەر تورکیا قەشە ئەمەریكییەكە رزگار نەكات".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە، ژێر دەستخستنی تورکیایە لە کەرتی دارایی تا سیاسەت".

ھەروەھا ئەردۆغان، لە بەردەم ئەندامانی پارتەکەی و بەرپرسانی وڵاتەکەیدا هەڕەشەی ئەوەی لە واشنتن کرد، کە تورکیا ئیدی روو لە هاوپەیمانی نوێ دەکات و سزاکانی ئەمەریکاشی بە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.

ئەردۆغان گوتی: "بە ھاوبەش و ھاوپەیمانێکی ستراتیجی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی 81 ملیۆن کەسیدا دەکاتە قوربانیی لەبەرخاتری رێکخراوێکی تیرۆریستیی دەڵێین 'دەی ماڵئاوا".

ئاماژەی بەوەشدا: "بە کردنەوەی بازاڕی نوێ و بەستنی ھاوپەیمانی و ھەماھەنگی نوێ، وەڵامی ئەو کەسانە دەدەینەوە کە شەڕی ئابووریان لە دژی وڵاتەکەمان و جیھان ھەڵگیرساندووە".

تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و واشنتن بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێ بۆ ئەو قەیرانە گەورەیەی ئێستا رووی لە تورکیا کردووە ، چاوەڕێش ناکرێ بەمزوانە و لەژێر رۆشنایی ئەم جۆرە پەیوەندییە واشنتن و ئەنکەرە لەسەر پرسەکانی وەك سووریا و سیستمی بەرگری (ئێس 400) رێکبکەون.

ھ.م