تورکیا و ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا
"ئامانج لێی وەدەرنانی یەپەگەیە"
K24 – ههولێر:
سەرەڕای کێشە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن، هەردوو وڵات ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشییان لە شاری منبجی سووریا ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیندراوێکی سوپای تورکیا کە رۆژنامەی حورییەت بڵاویکردۆتەوە: "دوێنێ دووشەممە، سوپای ئەمەریکا و تورکیا 29هەمین ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان لە منبج ئەنجامداوە و ئامانجیش لێی وەدەرنانی هێزەکانی یەپەگە بووە".
لە 18ی مانگی شەشەوە، ئەمەریکا و تورکیا چەندین مانۆڕی و چالاکی هاوبەشیان لە شاری منبج ئەنجامداوە و تاکە مەبەستی تورکیاش، دوورخستنەوەی هێزەکانی یەپەگەیە و پەیەدەیە کە تورکیا بە "تیرۆرست" ناویان دەبات".
لەلایەکی دیکەوە و بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، تورکیا وئەمەریکا کاری هاوبەشی زیاتر لە سووریا ئەنجام دەدەن دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی منبج.
H.J