مەلا بەختیار باسی كۆتاییھاتنی سێ كوچكەی پلەخوازی یەكێتی دەكات

دەبێ گەندەڵكاران سزا بدەین

K24 - ھەولێر

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت، دەبێ لە كۆنگرەی داھاتووی یەكێتی گەندەڵكاران سزا بدرێن و كۆتایی بە سێ كوچكەی پلەخوازی و میلیشیای تایبەت بێت.

بە گوێرەی ھەواڵێكی ماڵپەڕی چاودێر، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبەكەی رایگەیاندووە: "كۆنگرەی داهاتوو، كۆنگرەی نوێبوونەوەو جۆشدانەوەی یەكێتیی دەبێت، بەوەی كاری باشتر بكەین، گەندەڵكار سزا بدەین‌ و خزمەتكردنی زیاتر پێشكەش بكەین، ئەمەش بەكۆتایپێهاتنی سێ‌ كوچكەی "پلەخوازی، بەرژەوەندی تایبەتی، میلیشیای تایبەت" دەبێت".

ئەوە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا وتەبێژی فەرمی یەكێتی رایگەیاندبوو، كە بەم نزیكانە پڕۆژەیەك بۆ بەستنی كۆنگره‌ی حزبەكەیان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بۆ ئەوەی بڕیار لە رۆژی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بدرێت.

پاش كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی، بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی ھەوڵ بۆ بەستنی كۆنگرە دەدەن، بەڵام بەھۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە نەتوانراوە كۆنگرە ببەسترێت، ھەر بەو ھۆیەشەوە بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە یەكێتی جیابوونەوە.

 ھ.م