بەقایی: دەبێت ئەو وڵاتانەی لە هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکایان کردووە باجەکەی بدەن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەر وڵاتێک، بەهەر شێوەیەک، هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردبێت بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبێت باجی ئەو کردەوەیەی بداتەوە. 

دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی خاک، ئاسمان و دەرفەتەکانی خۆیان خستووەتە خزمەت ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەستی پەلاماردانی ئێران، دەبێت بەرپرسیار بن لەم هاوبەشیپێکردنە لە دەستدرێژییەکی نێودەوڵەتیدا و جەختیکردەوە، ئەم رەفتارە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قبووڵکراو نییە.

سەبارەت بە هەوڵی نزیکبوونەوەی دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی لە مێزی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەقایی روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە نمایشێکی داڕێژراو بوو بۆ پەردەپۆشکردن و کەمکردنەوەی کاریگەریی کشانەوەی بەکۆمەڵی شاندە نێودەوڵەتییەکان لە هۆڵەکە لە کاتی وتارەکەی بنیامین نەتەنیاهۆدا، هەروەها راشیگەیاند کە باشترین وەڵام بۆ ئەم جۆرە رەفتارانە پشتگوێخستن و بێبایەخکردنیان بوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی لە نیویۆرک 60 دیداری ئاستبەرز ئەنجامدراون، و دیدگا و هێزی ئێران بۆ جیهان روونکراوەتەوە. گوتیشی، لە درێژەی ئەم دیپلۆماسییەدا سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا بۆ تاران لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندیی دراوسێیەتی و راوێژکردنە لەسەر چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەی باشووری قەوقاز.

ئەم قسانەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە رایگەیاند، هەر کاتێک تاران لە واشنتن نزیک بێتەوە بۆ دانوستان و گفتوگۆ، جەنگێکیان بەسەردا دەسەپێنن، بۆیە دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بەها و مانایەکی نییە، چونکە ئەوان پەیمانشکێنن و لە بەجێهێنان بەڵێن و قسەکانیاندا راستگۆ نین و نایگەیەننە جێ.