پوتین بۆ زه‌ماوه‌ندی ژنه وه‌زیرێك ده‌چێته ڤییه‌ننا
باوكی ئه‌و ژنه فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی پادشای پێشووی ئوردن بووه
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی سپوتنیكی رووسی بڵاویكرده‌وه، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، بۆ به‌شداریكردن له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریی كارین كنایسڵ، خانمه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆستریا (نه‌مسا) ده‌چێته ڤییه‌ننای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته.
ئه‌و خانمه وه‌زیره پوتینی بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ی بانگهێشتكردووه. كنایسڵ ئێستا ته‌مه‌نی 53 ساڵانه و كاتێك باوكی فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی شا حسێن كوڕی ته‌لال، پادشای پیشووی ئوردن بووه، به‌شێكی ژیانی له ئوردن به‌سه‌ر بردووه. ئێستا ئه‌و خانمه هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارێك ده‌كات به‌ناوی ڤۆلفگانگ مایلینگه‌ر كه ته‌مه‌نی 54 ساڵانه، به‌ڵام مایلینگه‌ر یه‌كه‌م هاوسه‌ری ئه‌و خانمه وه‌زیره نییه.
كارین كنایسڵ سیاسییه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئۆستریاییه و ساڵی 1990 له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه دامه‌زراوه و خاوه‌ن ئاراسته‌ی راستڕه‌وی توندڕه‌وه و ژیانی به چه‌ندین قۆناخی جۆراوجۆردا تێپه‌ڕیوه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و له بواری دیپلۆماسی كاریكردووه‌و خوێندنی ئه‌كادیمی خوێندووه‌و رۆژنامه‌وانێكی ئازاد بووه‌و كتێبیشی نوسیووه.
پارتی ئازادی راستڕه‌وی توندڕه‌و له 18/1/2017 بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستنیشانی كرد و له‌گه‌ڵ پارتی گه‌لی مه‌سیحی كۆنه‌پارێز، به‌شداریی حكومه‌تیان كردووه و به‌هۆی هه‌ڵوێسته تونده‌كانی و گاڵته‌كردنی به په‌نابه‌ران ره‌خنه‌ی زۆری لێگیراوه.
كارین له 18/12/1965 له ڤییه‌ننا له دایكبووه و به‌شێكی ته‌مه‌نی منداڵی له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن به‌سه‌ربردووه. باوكی فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی شا حسین كوڕی ته‌لال پادشای پێشووی ئوردن بووه‌و به‌شداریی له دامه‌زراندنی هێڵی شاهانه‌ی ئوردنی كردووه.
كارین بڕوانامه‌ی دكتۆرای هه‌یه و جگه له زمانی ئه‌ڵمانی (زمانی دایك) زمانه‌كانی (ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، ئیسپانی، عه‌ره‌بی، ئیتالی، عیبری و هه‌نگاری) ده‌زانێت.