وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیانی لە عێراق
"سنوورەکانی هەرێمی کوردستان نەبەزێنن دەنا 10 ساڵ زیندانی دەکرێن"
K24 – ههولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ عێراق بەهۆی "تیرۆر و ململانێی چەکداری" نەکەن و هۆشداریش دەدات لە بەزاندنی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ سووریا.
لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە: "هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە عێراق لە مەترسی زۆردان بەهۆی تووندوتیژی و رفاندن".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: "ژمارەیەکی زۆری گروپی تیرۆرستی و یاخیبوو چالاکن لە عێراق کە هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاووڵاتیان".
لە بڵاوکراوەکە هاتووە: "ئەو میلیشیایانەی دژی ئەمەریکا و کۆمپانیا رۆژئاواییەکان کاردەکەن، بوونەتە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە عێراق، هێشتاش هێرش لە رێگای بۆمبی چێندراوەوە ئەگەری زۆرە لە زۆرێک لەناوچەکانی عێراق بە بەغداشەوە".
لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە بەزاندنی سنووری عێراق و سووریا دەکات و هۆشداری تووند دەدات بە هاووڵاتیانی کە ئەو کارە ئەنجام نەدەن، چونکە سەرەڕای چەندین مەترسی وەک رفاندن، کوشتن، دەستگیرکردن و بەبارمتە گرتن، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان 10 ساڵ هەرکەسێک زیندانی دەکات کە بە نایاسایی سنوورەکانی دەبەزێنێت".
H.J