ئێران بۆ فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی به‌دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێت
"ئه‌وروپا به‌ڵێنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی به ئێران داوه"
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری ئیسحاق جهانگیری، جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران بڵاویكرده‌وه، دوای كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر كه‌رته‌كانی وزه و بانكه‌كانی ئێران‌دا، تاران به‌دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت و داهاته‌كه‌شی وه‌ربگرێته‌وه.
جهانگیری له لێدوانێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی ئێرانی رایگه‌یاندووه، وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ڵێنیان داوه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ی ئێران بكه‌نه‌وه، كه له‌ئه‌نجامی سزا سه‌پێندراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر كه‌رته‌كانی وزه و بانكه‌كان تووشی بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه بخاته‌ڕوو.
دووپاتیشیكرده‌وه: "هیوامان وایه وڵاتانی ئه‌وروپا بتوانن پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی پابه‌ندیش بن، ئێمه به‌دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێین، بۆئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌مان بفرۆشین و داهاته‌كه‌ی به دراوی دیكه بگۆڕینه‌وه".
وێڕای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و فشاره‌كانی واشنتۆن بۆ رێگریكردن له كڕینی نه‌وتی ئێرانی، وڵاتانی ئه‌وروپی كه رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژوو كردووه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و رێككه‌وتنه رزگاربكه‌ن.
H.B