چین بە کۆتری ئەلیکترۆنی چاودێری هاووڵاتیانی دەکات

مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش وادەزانن کۆتری ئاساییە

K24 – هه‌ولێر:

وڵاتی چین کۆتری ئەلیکترۆنی بۆ چاودێری شەقامەکان و هاووڵاتیان دروستدەکات بەجۆرێک ئەستەمە لەگەڵ کۆتری ئاسایی لێکجیابکرێنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ئەتلەنتیک، ئاژەڵ و باڵندەکانیش ناتوانن هەست بە رۆبۆتی ئەو جۆرە کۆتر سیخوڕانە بکەن چونکە 90%ی تەواوی جووڵەکانیان هاوشێوەی جووڵەی باڵندەیەکی ئاساییە و زۆریش بێدەنگن.

ئەمە یەکەمجار نییە چین تەکنەلۆجیای زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتیان. پێشتر هەریەک لە ئامێرەکانی ناسینەوەی دەمووچاو، دەستنیشانکردنی تاوانبار لە ناو قەرەباڵخی زۆردا، دیاریکردنی سەرپێچکارانی ترافیک، تەنانەت ئامێری ناسینەوەی ئەو کەسانەی داناوە کە لە تەوالێتە گشتییەکان کلێنسی زیاد بەکاردەهێنن.

جیا لەمانەش، چین جۆرە کڵاوێکی بۆ فەرمانبەرانی بەرهەمهێناوە کە دەتوانێت شەپۆلەکانی مێشک بخوێنێتەوە و باری دەروونی ئەو کەسە ئاشکرابکات و بەڕێوەبەرەکانی لێ ئاگاداربکاتەوە.

بۆ هەندێک رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە ئازادی هاووڵاتیان بەرتەسکدەکەنەوە لەبەر ئەوەی چاودێری وردی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان دەکەن.

H.J