ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئێران به‌جێی هێشت به‌ریتانیا بۆی ته‌واو ده‌كات
دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌ریتانیا یارمه‌تی ئێران ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
تاران دووپاتیكرده‌وه، دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، به‌ریتانیا یارمه‌تی ئێران ده‌دات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی كووره‌ی ناوه‌كی "ئه‌راك".
له‌مباره‌یه‌وه ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتید پرێس بڵاویكرده‌وه، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆكی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران جه‌ختی كرده‌وه، "بۆ نوێكردنه‌وه و نه‌خشه‌سازی كووره ناوه‌كییه‌كانی ئێران، پسپۆرانی به‌ریتانیا شوێنی هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان ده‌گرنه‌وه".
پێشتر به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و گروپی 5+1، پسپۆرانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چین كاری دووباره دیزاینكردنه‌وه‌ی كووره‌كانی "ئه‌راك"یان له‌ئه‌ستۆ بوو، كه به ئاوی قورس كار ده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆ سنوورداركردنی رێژه‌ی بلۆتۆنیۆم كه له‌و كوورانه به‌رهه‌م ده‌هات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه راپۆرته هه‌واڵه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ڵبژاردنی به‌ریتانیا وه‌ك هاوبه‌شێكی چین بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره، له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌وان نه‌بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌مباره‌یه‌وه بخرێنه‌ڕوو.
له مانگی ئایاری رابردوو دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند، كه له‌ساڵی 2015 له‌نێوان زلهێزه‌كانی جیهان و كۆماری ئیسلامی واژوو كرابوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر بوون و ئه‌مه‌ریكا سزای نوێی ئابووری به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاند.
H.B