سوننه‌كانی عێراق دابه‌ش ده‌بن

به‌شێكیان له‌ سائیروون و به‌شێكی دیكه‌یان له‌ ده‌وڵه‌تی یاساوه‌ نزیكن

K24 - هه‌ولێر:

ھاوپەیمانی و لایەنە سوننەكان، لە پرسی پێكھێنانی حكومەتی داھاتووی عێراق هاوڕانین، بەشێکیان هەوڵ بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر دەدەن و ھەندێكیشییان بەنیازن لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا رێكبكەون.  سوننەکان بیست و یەک مەرجیشیان بۆ پشتیوانیکردن لە هەر هاوپەیمانێتییەک هەیە، بۆ پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی.

سوننەکان لەسەر پرسی بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە شیعەکان بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، هاوکات مەرجی سەرەکی بەستنی هاوپەیمانێتیشیان لەگەڵ هەرلایەنێک کشانەوەی بێمەرجی چەکدارانی حەشدی شەعبییە لە ناوچە سوننە نشینەکان و رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنی ئەو ناوچانەیە، بە پۆلیس و سوپای عێراق.

سوننەکان هاوشێوەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی 12ـی ئایاری ئەمساڵ، کە بەسەر چەند هاوپەیمانێتییەک دابەشبوون، لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیش هاوڕانین، بەشێکیان هەوڵ بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر دەدەن و بەشێکی دیکەشیان بەنیازن لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا هاوپەیمانێتی پێکبهێنن.

سەرچاوەیەک لەنێو هێزە سوننییەکان بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، سوننەکان لەسەر چەندین خاڵ لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن، لەنێویشیاندا وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، کە هەندێکیان دەیانەوێت محەممەد حەلبووسی، ببێتە سەرۆک و هەندێکی دیکەشیان پێیانوایە، بوونی ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق بە سەرۆکی پەرلەمان لە بەرژەوەندی سوننەکاندایە، لەم نێوەندەشدا، ئێرانییەکان چەندین پێشنیازیان بۆ سوننەکان کردووە، تاوەکو پشتیوانی لەو لایەنانە بکەن، کە لە تارانەوە نزیکن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سوننەکان 21 مەرجیان بۆ پشتیوانیکردن لە هەر هاوپەیمانێتییەک هەیە، کە حکومەتی داهاتووی عێراق پێکدەهێنێت، لەنێویشیاندا کشانەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننە نشینەکان، دەستهەڵگرتن لە شێواندنی دیمۆگرافیای ناوچە سوننییەکان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان لەماوەی چوار ساڵ و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی رفێندراو و دەستگیرکراوانی سوننە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.