بەڤیدیۆ.. دێلی ئالی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرای ناوەتەوە
باس باسی چالێنگەکەی دێلی ئالییە
دێلی ئالی دوای تۆمارکردنی گۆڵێک لە بەرامبەر نیوکاسل یونایتد ئاهەنگی خۆشی گێڕا، بەڵام ئەو ئاهەنگگێڕانەی هەر ئەوەندە نەبوو، بەڵکو ئێستا شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی ئالی بووەتە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
دێلی ئالی دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە دژی نیوکاسل یونایتد لە گەڕی یەکەمی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، مۆدێلێکی نوێی بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی گۆڵکردن دروستکرد، ئێستا ئەو ئاهەنگگێڕانەی ئالی بەهۆی ئاڵۆزی و زەحمەتییەوە بووەتە چالێنگێک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر کەسێک بزانێت دووبارەی بکاتەوە لە خۆشی ئەم دەستکەوتەی ڤیدیۆ و وێنەکەی بڵاو دەکاتەوە.
ماوریسیۆ پۆچێتینهۆی بەڕێوەبەری هونەری تۆتێنهام و یاریزانەکانی دیکەی سپێرز یەکەم کەس بوون دەستیان بە لاسایی کردنەوەی دێلی ئالی کرد، بەڵام ئەم چالێنگەی ئەستێرە لاوەکەی تۆتێنهام زیاتر پەرەی سەند، ئەستێرە بەناوبانگەکانی جیهانیش بوونە بەشێک لەم چالێنگە و نێیمار داسێلڤا و پۆل پۆگبا و دەیان ئەستێرەی دیکە هەوڵیان دا ئاهەنگگێڕانەکەی ئالی دووبارە بکەنەوە.
دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر چالێنگی یەکەمی دێلی ئالی، ئەو ئەستێرە ئینگلیزە یارییەکەی زیاتر سەرنجڕاکێش کرد، کاتێک شێوازێکی دیکەی سەختتر و سەرنجڕاکێشتری لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکردەوە و خەڵکێکی زیاتری بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.
تاکو ئێستا نهێنی ئەو دوو شێوازە ئاهەنگگێڕانەی ئالی نەزانراوە، بەڵام یاریزانێکی نەیجیری لە تویتەر ئەم چالێنگەی ئالی بە هێمای سەربازی سوپای وڵاتەکەی هەژمارکردووە، کە ئالی بە رەسەن یاریزانێکی ئەفریکییە، بەڵام تاکو ئێستا ئالی هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم تویتە و نهێنی ئەم شێوازە ئاهەنگگیڕانەی نەدرکاندووە.