یاریزانێک بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان نێوان میسر و هۆڵەندا

مسڕ - هۆڵەندا
مسڕ - هۆڵەندا

ئەحمەد ناسڕ یاریزانی میسری کە پێشتر لە تیپە جیاوازەکانی یانەی ئایاکسی هۆڵەندی یاری کردووە، هەروەها ساڵانێکیشە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات، بەم دواییە بە تۆمەتی سیخوری کردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا دەستگیر کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا.

ئەو یاریزانە میسرییە لە مانگی ئۆکتۆبەر دووجار دەستگیرکراوە، جاری یەکەم لە 11ـی ئۆکتۆبەر لە ئەمستردام بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر بە ئەنقەست و دزیکردن کە توندوتیژی تێدابوو دەستگیرکرا. دوابەدوای ئازادکردنی سەرەتایی ئەمجارەیان لە 27ـی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ تۆڕێکی سیخوڕی میسری دەستگیرکرایەوە. داواکاری گشتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە تۆمەتبار بە کارکردن لەگەڵ لایەنێکی بیانی، ئەویش بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن لە نەیارانی حکومەتی میسر لەسەر خاکی هۆڵەندا کاری نایاسایی کردووە.

ئەم دۆسیەیە گرژی و ئاڵۆزی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە و وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا و میسر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە ئەنجامدا. کاربەدەستانی میسر داوای ئازادکردنی بەپەلەی ناسر دەکەن، چونکە ئەو وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتی لاوانی میسری لە دەرەوەی وڵات کاردەکات.

دوای ئەم پێشهاتانە و شانبەشانی ناڕەزایەتییەکانی لاهای و قاهیرە، هۆڵەندا بە هۆکاری ئەمنی باڵیۆزخانەی خۆی لە میسر داخستووە، جگە لەوەش هاوکارێکی ناسر هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر دەستبەجێ هاوڕێکەی ئازاد نەکرێت، بۆ هاوڵاتیانی هۆڵەندی سەرتاسەری جیهان دەکەن دۆزەخ.

ئەحمەد ناسڕ