کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوای یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان دەکات
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن ناکۆکییەکان ببنە هۆی لێکترازانی نێوماڵی کورد.
کۆنفیدراسیۆنەکە لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی، تاقیکردنەوەیەکن بۆ سەلماندنی پێگەیشتوویی سیاسی و چەسپاندنی پایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێزگرتن لە ئەنجامەکانی دیموکراسی بنەمایەکی سەرەکییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت دەرئەنجامی پرۆسەی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان ببێتە هۆی دروستبوونی لێکترازان لە نێوماڵی کورد، یاخود ببێتە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی.
ئەو دامەزراوە نیشتمانییە روونیکردەوە، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و چاوی ئومێدی نەتەوەی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری جیهاندا، بۆیە پاراستنی ئەم دەستکەوتە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، تەبایی و یەکدەنگی هەیە.
سەبارەت بە چارەسەری ناکۆکییەکان، رەوەندی کوردستانی داوای لە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بە گیانی بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی و دوور لە دەمارگیری، لەسەر مێزی دیالۆگ کۆببنەوە، چونکە جیاوازییە سیاسییەکان نابێت رێگە بۆ دابەشبوون خۆش بکەن، بەڵکو پێویستە ببنە هەوێنی لێکتێگەیشتن لەپێناو بەهێزکردنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی وەک دەنگێکی کۆکەرەوە و پارێزەری یەکڕیزی دەمێنێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات بە دانایی و پشوودرێژی، ئومێدی گەلی کوردستان بپارێزن و نێوماڵی کورد لە هەموو هەڕەشەیەک بەدوور بگرن.