یۆڤێنتۆس لە گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ قازانجی کردووە؟

کاریگەرییەکانی چوونکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی یۆڤێنتۆس

لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یۆڤێنتۆسەوە کردووە، خێروبەرەکەت رووی لەو یانە ئیتالییە کردووە و رۆژ لە دوای رۆژ یانەکە قازانجەکانی زیاتر دەبن.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرایکردووە، لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر 117 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە گواستراوەتەوە ریزەکانی یۆڤێنتۆسی ئیتالی، یانە ئیتالییەکە دەست بۆ بەردیش ببات دەبێتە زێڕ، نزیکەی مانگێک و نیوە یۆڤی خێروبەرەکەتی بەسەردا دەبارێت.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکە لەوەتەی کریستیانۆ بووەتە یاریزانی بیانکۆنێری، نرخی یانە ئیتالییەکە لە بۆرسەدا %40 زیادی کردووە، پێشتر نرخی یانەکە 660 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام ئێستا نرخی یانەکە 905 ملیۆن یۆرۆیە.

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، جگە لەوەی ئێستا کۆمپانیای زیاتر روویان لە یۆڤی کردووە بۆ ریکلامکردن و سپۆنسەرایەتیکردن، ئێستا یانەکەش بە نرخەکانیدا چووەتەوە و نرخی لەسەر کۆمپانیاکان زیاد کردووە، چونکە دەزانێت کۆمپانیاکان بە نرخی زیاتریش هەر رازی دەبن. فرۆشی کەلوپەلەکانی یۆڤێنتۆس زیاتر بووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ داهاتی یانەکە 250 ملیۆن پاوەند تێبپەڕێنێت، چونکە ئەو درێس و کەلوپەلانەی ناوی کریستیانۆیان لەسەر لە فرۆشگاکانی یانەکە بەبەر ناکەون.

لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش یۆڤێنتۆس خێری لە کڕینی کریستیانۆ بینیوە، لەو مانگ و نیوەی کریستیانۆ بووەتە یاریزانی یانەکە، هەژمارە فەرمییەکانی یانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە 6,2 ملیۆن فانیان زیادبووە، هەژماری فەرمی یانەکە لە ئینستاگرام بەهۆی کریستیانۆوە 3,5 ملیۆن فۆلۆوەرسی زیادکردووە، هەژماری یانەکە لە فەیسبووک ملیۆنێک و نیو لایکی زیادکردووە.