سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشی حووسییەکان ئامادەکاری دەکات

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەهۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکان لە یەمەن و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە گەرووی بابولمەندەب، چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات.

سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری ئەوە ئامادە دەکات حووسییەکان مووشەکی بالیستی و درۆن لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئاستی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری چڕکردنەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە کەناراوەکانی یەمەنەوە زیادی کردووە. ئەم دۆخە کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر جموجۆڵی کەشتیوانی و بازرگانیی جیهانی دەبێت.

راپۆرتەکە ئاشکرایکرد، سوپای ئیسرائیل لێکەوتەی ئەو پێشهاتانەی یەمەن لەسەر گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لە ناوچەی گەرووی هورمز.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەممە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ دەبڵن رایگەیاند، پێدەچێت ئێران لە پشت هێرشکردنە سەر هێڵی بۆریی نەوتی ستراتیژیی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە عەرەبستانی سعوودی بێت.

هێرشەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان گومانەکانی لەبارەی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان و گەڕانەوەی گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بۆ ناوچەکە زیادی کردووە.