چه‌ند سیناتۆرێكی ئه‌مه‌ریكی ده‌یانه‌وێ ئابووری ئێران داڕووخێنن

"ئەمە نەکەن سزاکان سوودیان نابێت"

K24 – هه‌ولێر:

گروپێک لە سیناتۆرانی ئەمەریکا داوا لە وەزارەتی دارایی ئەمەریکا دەکەن ئێران لە سیستەمی گواستنەوەی بانکی نێودەوڵەتی وەدەربنێن.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، 16 سیناتۆری کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتی سیناتۆر تێد کروز بەیاننامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە تیایدا نووسیویانە: "ئێمە هانی کۆمەڵگەی تیلیکۆمینەیشی دارایی بانکی جیهان(سویفت) دەدەین کە بانکی ناوەندی ئێران و هەموو دامودەزگا دارییە ئێرانییەکان لەو سیستەمە وەدەرنێن و بۆ ئەوەش کاری جددی بکەن".

هەر لە بەیاننامەکە هاتووە: " زیادکردنی فشارەکانی سەر ئێران سەرکەوتوونابێت ئەگەر تاران لەو سیستمە دانەبڕێندرێت".

هەڵوێستی ئەم چەند سیناتۆرە لە کاتێکدایە، پێشتر هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، رایانگەیاندبوو کە سزاکانی سەر ئێران کاریگەری زۆر بەهێزیان هەبووە.

زیاد لە 200 وڵات، رۆژانە 15 ملیۆن نامەی بازرگانی(گواستنەوەی پارە) بە شێوەیەکی پارێزراو لە رێگای ئەو سیستەمە ئاڵووگۆڕدەکەن و نزیکەی 11 هەزار دامودەزگای بازرگانیش بەکاریدەهێنن.

بڕیارە مانگی یانزدە، بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران کە سێکتەری نەوت و وزە دەگرێتەوە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ تاران بگەڕێندرێتەوە.

‌H.J