یاریزانانی بارسێلۆنا بە تووندی رەخنە لە چیمەنی یاریگەی بەلەد وەلید دەگرن

بۆسکێتس: وامدەزانی لە کەناراوەکانی دەریا یاریی دەکەم

یاریزانانی بارسێلۆنا بە تووندی رەخنە لە چیمەنی یاریگەی نویڤۆ خۆسێ زۆریلای تایبەت بە یانەی بەلەد وەلید دەگرن و ئەنجوومەنی لالیگاش بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەی بەلەد وەلید بکات.

دوای تەوابوونی یارییەکەیان بەرامبەر بەلەد وەلید کە بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی و سەرجەم یاریزانەکانی بارسێلۆنا بە تووندی رەخنەیان لە چیمەنی یاریگەی یارییەکە گرت، تەنانەت پیکێ و بۆسکێتس گاڵتەیان بە لالیگا کرد و ئەگەر هەیە ئەوانیش رووبەڕووی لێپێچینەوە ببنەوە.

سێرخیۆ بۆسکێتس رایگەیاند، کاتێک یاریم دەکرد وامدەزانی لە کەنار دەریا یایی دەکەم، بەداخەوە ئەمە یاریگەی یارییەکی بەهێزترین خولی جیهان بێت، بەداخەوە هیچ کەسێک پێش یارییەکە نەهاتبوو بۆ ئەوەی لە دروستی و ئامادەیی یاریگەکە بکۆڵێتەوە. جیرارد پیکێش دوای یارییەکە گوتی ' بەداخەوە بەرپرسانی لالیگا دەیانەوێت چەند یارییەکی خولەکە لە دەرەوە بکرێت و مارکێتینگ دەکەن، کەچی ئەمە حاڵی یاریگەی خولەکەیە، هیوادارم لێپێچینەوە لە بەرپرسیارانی ئەم هەڵە ئابڕوبەرانە بکرێت، چونکە ئەم جۆرە یاریگەیانە دەبنە هۆی پێکانی سەخت'.

ڤالڤێردی دوای یارییەکە لە بەشێکی قسەکانیدا رەخنەی لە چیمەنی یاریگەکە کرد و بە کێڵگەی پەتاتەی ناوزەد کرد و گوتی دەترساین یاریزانەکانمان تووشی پێکانی سەخت بن، بۆیە زۆر بە هەستیارییەوە یاریمان دەکرد

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، راستەوخۆ خاڤیێر تیباسی سەرۆکی ئەنجوومەنی لالیگا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەی بەلەد وەلید دەکەن و لەبارەی خراپی چیمەنی یاریگەکەیانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن.