وەزیری بەرگری ئێران گەیشتە دیمەشق

لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵا کۆدەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران، گەشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و چاوی بە چەند بەرپرسێکی باڵا لەو وڵاتە دەکەوێت.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئێراندا هاتووە، حاتەمی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سووریا کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاڕ تی رووسی، لە کاتی گەشتنی وەزیری بەرگری ئێران بۆ دیمەشق، لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەنووسانی گوتووە: "تاران هیوا خوازە رۆڵی چالاکی هەبێت لە بونیادنانەوەی سووریا".

سوپاکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دواین پێگەی چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانە کە شاری ئیدلبە و خۆرئاواش هۆشداریان داوەتە ئەسەد لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لەو شەڕەیدا.

H.J