پەرلەمانی ئێران وەزیری ئابووری دوورخستەوە
بە شكستی ئابووری ئێران تۆمەتباركرا
K24 - ھەولێر
پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی مەسعود كەرباسیان، وەزیری ئابووری وڵاتەكەی.
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ لێپرسینەوە لە مەسعود كەرباسیان، وەزیری ئابووری رێكخست. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری ئابووری ئێران بە شكستی وڵاتەكە لە رووی ئابوورییەوە تۆمەتباركرا، كە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەو لە وەزارەتی ئابووری بەھای تومەن دابەزیووە، كەلوپەلی و خۆراكە سەرەكییەكان و بێكاری و ھەژاریش لە ئێران بەرزبووەتەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كۆمەڵێك پرسیار لە وەزیری دارایی كراو لە كۆتاییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی مەسعود كەرباسیان لە پۆستەكەی درا.
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران لە وتارێكیدا لە رێورەسمی ھەفتەی دەوڵەت لە تاران، داوای لە خەڵكی ئێران كرد بەرانبەر بە گوشارەكانی سەر وڵاتەكەیان خۆڕاگربن و راشیگەیاند، ھەموو ھەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی كێشەكانی خەڵك.
روحانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لە كێشە و ئازارەكانی خەڵك تێدەگەن و لە كابینەی حكوومەتەكەیدا ھەموو ھەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی كێشەكانی خەڵك دەدەن. داوای لە خەڵكی ئێرانیش كرد بۆ سەركەوتنی وڵاتەكەیان لەبەرانبەر گوشارە دەرەكییەكاندا خۆراگربن.
دوای گەڕاندنەوەی گەمارۆكان بۆسەر ئێران لەلایەن ئەمەریكا، باری ئابووری ئەو وڵاتە بەرەوخراپی دەچێت و خۆپێشاندان و دەنگی ناڕەزایەتی لە شار و شارۆچكەكانی ئێران بەرزبووەتەوە.
ھ.م