شەوی پێنجشەممە تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت

باشترین یاریزانی ئەوروپاش دەستنیشان دەکرێت

شەوی پێنجشەممە تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە مۆناکۆ رادەکێشرێت، هاوکات تیروپشکی یۆرپالیگیش دەکرێت و باشترین یاریزانی ئەوروپاش دەستنیشان دەکرێت.

شەوی پێنجشەممە کاتژمێر 08:00ی شەو بە کاتی هەولێر لە مۆناکۆ تیروپشکی بۆ قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەکرێت، کە تاکو ئێستا 26 یانە ناسنامەیان ئاشکرابووە و رۆژانەی سێشەممە و چوارشەممە ناسنامەی شەش یانەکەی دیکە بە قۆناخی پاڵاوتن ئاشکرا دەبێت، کە پاڵەوانی شەش خولە بەهێزەکەی ئەوروپا سەرلیستی کۆمەڵەکان دەگرن لەگەڵ پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگ و ئەم وەرزە تیروپشکەکە بەگوێرەی یاسا و رێسا نوێیەکانی خولەکە رادەکێشرێت.

لە مەراسیمەکەدا جگە لەوەی تیروپشکی یۆرۆپالیگیش رادەکێشرێت، باشترین یاریزانی ئەوروپاش دەستنیشان دەکرێت، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لۆکا مۆدریچ و محەمەد سەڵاح لە لیستی کۆتایی بەربژێرەکان ماونەتەوە و یەکێک لەم سێ یاریزانە بە باشترین یاریزانی کوڕی ئەوروپا دەستنیشان دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا باشترین یاریزانی خانمانیش ئاشکرا دەکرێت.

لە مەراسیمەکەدا باشترین گۆڵپارێز، بەرگریکار، ناوەڕاستکار و هێرشبەریش لەسەر ئاستی ئەوروپا دەستنیشان دەکرێت، کە پێشتر بەربژێرەکانی ئەو خەڵاتانەش ئاشکراکراون.