"کۆنتڕۆڵی تەواومان بەسەر کەنداو و گەرووی هورمزدا هەیە"
"یان کەشتییەکانی ئێران ئازاد دەبن یان گەرووەکە دادەخرێت"
K24 – ههولێر:
فەرماندەی دەریاوانی سوپای پاسداران دەڵێت ئامادەن هاتووچۆی کەشتی هەموو وڵاتێک بە گەرووی هورمزدا رابگرین ئەگەر رێگری لە ئێران بکرێت ئەو گەرووە بەکاربهێنێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سپۆتنیکی رووسی، عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی دەریاوانی سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کەنداو و گەرووی هورمزدا هەیە".
ئەو فەرماندەیە دەشڵێت: "ئەگەر ئەمەریکا بەکارهێنانی ئەو گەرووە لە ئێران قەدەخەبکات، ئەو تاران ئەو گەرووە بە تەواوی دادەخات".
لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران دەخاتە واری جێبەجێکردنەوە و سزای هەر کۆمپانیایەکی نەوت دەدات مامەڵە لەگەڵ تاراندا بکات.
وەک کاردانەوەیەکیش تاران سوورە لەسەر ئەوەی گەرووی هورمز دابخات و پێشتریش مانۆرێکی سەربازی لەو گەرووە ئەنجامدابوو.
گەرووی هورمز دەکەوێتە نێوان هەردوو کەنداوی فارس و عومان، تاکە رێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوەیت، بەحرەین، ئێران، عێراق و ئیماراتە بۆ دەریای هیندی.
H.J