ریال مەدرید پێش داخرانی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان یاریزانی نوێ دەکڕێت؟

شەوی پێنجشەممە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دادەخرێت

تەنیا چوار رۆژ ماوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دابخرێت، کەچی هێشتا هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێی کڕینی ئەستێرەیەک لە یانەکەیان دەکەن.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دوای بردنەوەکەی شەوی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر جیرۆنا رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریال مەدرید دوای دوو گەڕی لالیگا لە یانەکەیان رازین و پێیانوایە یاریزانەکانی یانەکەیان دەتوانن بە کۆمەڵ بۆشایی دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پڕ بکەنەوە، کە ئەم هاوینە بەرامبەر 117 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یۆڤێنتۆسەوە کرد.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مێرێنگی لە ئاستی تیپەکەیان رازین، کە دوو یارییە لەسەر یەک لە لالیگا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەمەش ریال مەدرید هیچ ئەستێرەیەک بۆ شوێنگرتنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناکڕێت، لە کاتێکدا لەم هاوینە یانەکە جگە لە کڕینی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی و ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و ئاندریێ لونین هیچ یاریزانێکی دیاری نەگواستوەتەوە، تەنیا ڤینیسیۆس جۆنیۆری گەڕاندەوە یانەکەی، کەچی ئەو هێرشبەرە بڕازیلییە زۆرتر یاریی بۆ تیپی دووەم دەکات و دوێنێ یەکەم یاریی بە درێسی ریال مەدرید کاستیا ئەنجام دا.

رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی یانەکە متمانەیان بۆ جولیان لۆپیتێخی هەیە بتوانێت لە غیابی کریستیانۆدا ئاستی گاریس بەیل و ئاسینسیۆ بەرز بکاتەوە و تیپەکە بکاتە تیپێکی بە کۆمەڵ.

رۆژی پێنجشەممە 31ی ئەم مانگە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دادەخرێت، ریال مەدرید دەزانێت مەگەر بە موعجیزە ئەگینا ناتوانێت مباپێ یان نێیمار بباتە ریزەکانی، بۆیە کڕینی یاریزانی نوێی لەبیری خۆی بردووەتەوە و گرنگی بە یاریزانەکانی ئێستای دەدات.