نامەیەک کۆبوونەوەی ئەمەریکا و کۆریای هەڵوەشاندەوە
"نامەکە رەق و دوژمنکارانە بووە"
K24 – ههولێر:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەککگرتووەکانی ئەمەریکا، سەردانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بۆ کۆریای باکوور بەهۆی نامەیەک هەڵوەشاندۆتەوە.
بڕیاربوو هەفتەی رابردوو، پۆمپیۆ بچێتە کۆریای باکوور و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرایکردووە، بەرپرسێکی باڵای کۆریا، چەند کاتژمێرێک دوای رێکخستنی سەردانەکە، نامەیەکی دوژمنکارانەی بۆ ترەمپ ناردووە.
نامەکە لەلایەن کیم یۆنگ چول، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کۆریا و ئەندامی شاندی دانوستکاری کۆریا لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ترەمپ نێردراوە. ئەگەرچی ناوەڕۆکی نامەکە ئاشکرانەکراوە بەڵام "هێند رەق و دوژمنکارانە بووە" کە وا لە ترەمپ بکات سەردانی وەزیری دەرەوە هەڵبوەشێنێتەوە.
لە 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە وڵاتی سینگاپورە کۆبوونەوە و رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەشتنیان واژۆکرد، بەڵام تاکو ئێستا گرژی و بێ متمانەیی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هەرماوە.
H.J