نامه‌ی ماڵئاوایی مه‌ككه‌ین بڵاوده‌بێته‌وه
ره‌خنه‌ی له تره‌مپ گرتووه
K24 - هه‌ولێر:
جۆن مه‌ككه‌ین، سیناتۆر و سیاسه‌توانی ئه‌مه‌ریكی پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات، نامه‌یه‌كی بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نوسیووه‌و وێرای ناردنی سڵاو و سوپاس بۆ گه‌لی ئه‌مه‌ریكی، ره‌خنه‌یشی له دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گرتووه.
جۆن مه‌ككه‌ین رۆژی یه‌كشه‌ممه 26/8/2018 دوای ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك كۆچی دوایی كرد، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی NBC ئه‌مه‌ریكی، پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات نامه‌ی ماڵئاوایی بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نوسیووه‌و ره‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ گرتووه.
مه‌ككه‌ین له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "مه‌زنێتی وڵات ئه‌وانه لاواز ده‌كات كه ده‌یانه‌وێت له پشت دیواره‌كان خۆیان بشارنه‌وه. ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه بۆ هه‌وڵه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ به درووستكردنی دیواری جیاكه‌ره‌وه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و مه‌كسیك و رێگه‌گرتن له زیادبوونی په‌نابه‌ران". به‌ڵام له نامه‌كه‌دا راسته‌وخۆ ناوی تره‌مپ نه‌هێناوه.
هه‌روه‌ها سوپاسگوزاریی خۆی ئاراسته‌ی گه‌لی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌و گوتوویه‌تی: "شه‌ره‌فمه‌ندم له پێناو خزمه‌تكردنی ئێوه‌دا كارم كردووه، هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ناو سوپا و سیاسه‌تدا به‌سه‌رم بردووه".
هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی: "هه‌وڵمداوه به شه‌ره‌فمه‌ندییه‌وه خزمه‌تی وڵاته‌كه‌م بكه‌م، هه‌ڵه‌یش روویداوه، به‌ڵام هیوادارم خۆشه‌ویستییه‌كه‌م بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌وتبێته سه‌رووری ههڵهكانمهوهو دایپۆشیبێت".
مه‌ككه‌ین باسی له هاوكارییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌موو خه‌ڵكی له پێناو رزگاربوون له سته‌مكاری و هه‌ژاری كردووه‌و ده‌ڵێ: "ئێمه هاووڵاتی مه‌زنترین نه‌ته‌وه‌ی جیهانین، نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه‌ته سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی باڵا، ئێمه به چانسین و بڕشت و به‌ره‌كه‌تی مرۆڤایه‌تیمان به‌ركه‌وتووه، چونكه ئێمه به‌رگری له‌وانه‌ی وه‌ك خۆمان ده‌كه‌ین چ له وڵاتهكهماندابن یان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی به‌گشتی".
مه‌ككه‌ین چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات چاره‌سه‌رییه‌كانی راگرت و دواجار ئه‌و سیناتۆر و سیاسه‌توانه‌ی كه وه‌ك پاڵه‌وانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و دۆستی كورد ته‌ماشا ده‌كرا، نه‌یتوانی جه‌نگی شێرپه‌نجه بباته‌وه‌و له ته‌مه‌نی 81 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.