ترەمپ لەبارەی مەككەین بێدەنگی شكاند

لە ئەنجوومەنی سێنات رێز لە جۆن مەککەین دەنرێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/21857ca4-6c9d-45ea-8ad6-5085a072c392/082818NSR.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە ئەنجوومەنی سێناتی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رێزگرتن لە خەبات و ماندووبوونی سیناتۆری کۆچکردوو جۆن مەکكەین رێکخرا، سیناتۆرەکانی پارتی دیموکرات و کۆماری پێکەوە خەمباری خۆیان بۆ کۆچی دوایی مەکكەین دەربڕی کە ماوەی 30 ساڵ سیناتۆر بوو، هاوکات دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش بۆ یەکەم جار بێدەنگی شکاند و دڵگرانی خۆی بۆ کۆچی مەکكەین دەربڕی.

ئەگەرچی چەند رۆژێکە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ئێستاش لە کۆنگرێس باس باسی جۆن مەکكەینە، ئەو سیناتۆرەی 30 ساڵی تەمەنی لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی سێنات بەسەربرد و هەموو ژیانیشی لەپێناو بنەماکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانا. لە ئەنجوومەنی سێنات ئەوەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی کۆکردووەتەوە ئەوەیە کە وڵاتەکە کەسێکی گەورەی لەدەستداوە.

میچ مەکۆنێڵ، بەرپرسی فراکسیۆنی کۆمارییەکان لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە مەككەین گوتی: "لە دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی، هەموو کاتەکانی خۆی بۆ کارکردن و بینینی هاوڕێ و خێزانەکەی تەرخانکردبوو، من ئەو شەڕەفەم پێبڕا کە کەمێك لەکاتی خۆم لەگەڵ ئەو بەسەربەرم، ئەوەی هەموومان لێرە کۆدەکاتەوە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی سێنات بە هیچ شیوەیەك بەبێ جۆن مەکكەین وەکخۆی نامێنێ".

ھەروەھا جاک شۆمەر، بەرپرسی فراکسیۆنی دیموکراتەکان لەبارەی مەككەین دەڵێت: "ئەو زۆر تایبەت بوو، هاوڕێیەکی سەختی ئەوانە بوو کە توانیبوویان هاوڕێیەتی بەدەست بێنن، دوژمنێکی بێ وێنەی دوژمنەکانی بوو، کەسێکی راستگۆ بوو، دوور بوو لە بنەما حیزبیەکان، حەقبێژێکی گەورە بوو، ئەو نیشتیمان پەروەر و دڵسۆز بوو".

هاوکات دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە بە نەیارێکی سەرسەختی مەکكەین ناسرابوو، دوای بێدەنگییەکی چەند رۆژە ناچار بوو جارێکی دیکە باس لە سیناتۆر جۆن مەکكەین بکات.

ترەمپ رایگەیاند: "دڵمان و نزاکانمان دەخەینە پاڵ خانەوادەی جۆن مەکكەین، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین چالاکی بۆ ئەوە دەبێت، ئێمە سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو ئەو کارە گەورانەی سیناتۆر مەکكەین کردی، سوپاسی دەکەین".

رێکخەرانی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە مەکكەین روونیانکردەوە، پێش ئەوەی تەرمەکەی بۆ واشنتن بگوازنەوە، رۆژی چوار شەممەی داھاتوو دەبرێتە باڵەخانەی کۆنگرێس لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە شاری فینکس، رۆژی دواتر لە کەنیسەی ئینجیلی لە نۆرس فینکس نوێژی لەسەر دەکرێت. ئاماژەیان بەوەشکردوە، رۆژی شەممەی داھاتوو رێورەسمی نیشتمانی بۆ جۆن مەککەین ساز دەکرێت و رۆژی یەکشەممە لە گۆڕستانی ئەکادیمیای دەریاوانی لە ئەنابۆلیس بەخاک دەسپێردرێت.